به‌هۆی ته‌واونه‌كردنی جووتسایدی كه‌لار – سلێمانی كه ماوه‌ی 17 ساڵه به‌رپرسانی ناوچه‌كه به‌ڵێنی ته‌واوكردنی ده‌ده‌ن، ئێسته خه‌ڵكی ناوچه‌كه به ته‌واوی بێ ئومێدبوون و داوا ده‌كه‌ن هه‌لیكۆپته‌ری فریاكه‌وتنیان بۆ دابین بكرێ، تا بۆ حاڵه‌ته له ناكاوه‌كان و ڕووداوه‌كان بتوانن به هه‌لیكۆپته‌ر بریندار و نه‌خۆش بۆ سلێمانی بگوێزنه‌وه.
كۆچه‌ر گه‌رمیانی چالاكێكی گه‌رمیان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، یه‌كسایدی ڕێی كه‌لار بۆ ده‌ربه‌ندیخان و له‌وێوه بۆ سلێمانی مه‌ترسیداره و ساڵانێكی زۆره گه‌رمیانییه‌كان چاوه‌ڕێن دووسایدكردنی ته‌واو بكرێت، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و كاره نه‌كراوه. بۆیه ئێسته وه‌كو خه‌ڵكی ناوچه‌كه داوا ده‌كه‌ین هه‌لیكۆپته‌ری فریاكه‌وتن بۆ حاڵه‌ته كتوپڕ و ترسناكه‌كان بۆ گه‌رمیان دابین بكرێ، به‌ڵام ئه‌مه‌یش به گه‌رمیانییه‌كان به ڕه‌وا نابینن، كه‌چی ماوه ماوه به‌رپرسانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به هه‌لیكۆپته‌ر ڕوو له ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
عه‌دنان خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌وبانی گه‌رمیان له‌باره‌ی ته‌واونه‌كردنی پرۆژه‌ی جووتسایدی كه‌لار- سلێمانی به "وشه"ی گوت، پرۆژه‌كه تا ئێسته ته‌واو نه‌كراوه و پێویستی به پاره‌ی زیاتره. ئه‌و لێدوانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌وبانی گه‌رمیان له كاتێكدایه ماوه‌ی 17 ساڵه حكوومه‌ت بودجه بۆ پرۆژه‌كه خه‌رج ده‌كات، به‌ڵام تا ئێسته شه‌قامه‌كه ته‌واو نه‌بووه.
گه‌رمیانییه‌كان به ته‌واوی له جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه بێ ئومێدبوون، ڕۆژی سێشه‌میش چه‌تۆ ساڵح بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ به هه‌لیكۆپته‌ر سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یش داوایان كرد كه بۆ حاڵه‌تی فریاكه‌وتن هه‌لیكۆپته‌ر بۆ ناوچه‌كه دابین بكرێ، به‌ڵام تا ئێسته وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه ساڵی ڕابردوویش به‌رێوه‌به‌ری هاتوچۆی سلێمانی بۆ پیرۆزبایی له لیوا موحسین مه‌نسوور به هه‌لیكۆپته‌ر سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد.
ئه‌یاد محه‌مه‌د خزمی شه‌هیدێكی پێشمه‌رگه و بۆ "وشه" گوتی، ئه‌گه‌ر له كاتی شه‌ڕی داعش هه‌لیكۆپته‌ر بۆ گواستنه‌وه‌ی برینداران له گه‌رمیان بوونی هه‌بووایه، ئه‌وا ژیانی چه‌ندان پێشمه‌رگه له شه‌هیدبوون ڕزگار ده‌كرا.
به گوێره‌ی ئاماره‌كان ساڵانه به‌هۆی خراپی و یه‌كسایدی شه‌قامی كه‌لار بۆ سلێمانی، زیاتر له 300 كه‌س گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و به شه‌قامی مه‌رگ ناوی ده‌ركردووه.
گه‌رمیان/سه‌بری هۆرینی.