گرژی و ناكۆكی و گرتن و كوشتن له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری دێرزوور له نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هۆزه‌كانی عه‌ره‌بی ده‌ستی پێكردووه، سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌سه‌ده‌یش ئه‌مه به پلانی ده‌ستی ده‌ره‌كی ناو ده‌بات، كه ده‌یانه‌وێ به‌یه‌كه‌وه ژیانی هه‌مووان له ناوچه‌كه بشێوێنن و گرژی و ئاڵۆزی له ناوچه‌كه دروست بكه‌ن.
له ڕۆژانی رابردوو چه‌كدارانی نه‌ناس به ماتۆڕسكیله‌وه له شاری هه‌جین ته‌قه‌یان له "شه‌عبان محه‌مه‌د ئه‌لزاید" فه‌رمانده‌وی فه‌وجی ئه‌لبوكه‌مالی سه‌ر به هێزه‌كانی هه‌سه‌ده كرد و كۆتایی‌یان به ژیانی هێنا، له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌یش دا، هێزی زۆری هه‌سه‌ده ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه كران و ده‌ست به هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران كرا، به‌وهۆیه‌وه له شاره‌دێی حه‌وایج و شحیل 10 كه‌س گیراون، كه به ئه‌نجامده‌ری تاوانی كوشتنی فه‌رمانده‌ی فه‌وجه‌كه‌ی هه‌سه‌ده داده‌نرێن.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی
هه‌سه‌ده و گرتنی ئه‌و 10 كه‌سه، هۆزه‌كان ده‌ستیان به گردبوونه‌وه و ناڕه‌زایی كرد و باره‌گه‌كانی هه‌سه‌ده‌یان له ناوچه‌كه سووتاند، هاوكات هه‌ڵمه‌تی كوشتن و ڕفاندنی شێخ و سه‌رۆك هۆزه‌كانی عه‌ره‌بی له ناوچه‌كه ده‌ستی پێكردووه.
ئه‌حمه‌د ئه‌بو خه‌وله فه‌رمانده‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی دێرزووری سه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، ئه‌و دۆخه‌ی له ده‌وروبه‌ری دێرزوور دروست بووه، ده‌ستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی له پشته‌وه‌یه و ده‌یانه‌وێ هانی ئه‌ندامانی هۆزه‌كان بده‌ن تا دژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بوه‌ستنه‌وه و فیتنه و ئاشووب له نێوان پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه دروست بكه‌ن.
هه‌واڵگری دیمه‌شق شانه‌ی كوشتن‌یان پێكهێناوه و سه‌رۆك هۆزه‌كان ده‌كوژن و تاوانه‌كه‌ی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی هه‌سه‌ده‌وه
هێزه‌كانی هه‌سه‌ده بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی كوشتن و ڕفاندنی سه‌رۆك هۆزه‌كانی عه‌ره‌بیش ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌ت كرد و توانیویانه كه‌سێك بگرن كه له ددانپێدانانه‌كانی دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه له‌لایه‌ن هه‌واڵگری ڕژێمی به‌عسه‌وه ڕاسپێردراون تا ئاشووب و جه‌نگ له ناوچه‌كه له نێوان هۆزه‌كان و هه‌سه‌ده دروست بكه‌ن.
ئه‌و تاوانباره دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه هه‌واڵگری دیمه‌شق شانه‌ی كوشتن و ڕفاندنی له ناوچه‌كه پێكهێناوه و ئامانجیه‌تی شێخ و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی ناوچه‌كه كۆتایی پێ بهێنێت و هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌یش تۆمه‌تبار بكرێ، به‌مشێوه‌یه شه‌ڕ و ناكۆكی له نێوان هۆزه‌كان و هه‌سه‌ده ده‌ست پێ ده‌كات، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی دیمه‌شقدایه.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه له كۆتایی مانگی ڕابردوو ته‌مووز/یۆلیۆ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده توانیان ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندان بڵاوكراوه بگرن كه له ناوچه‌ی شه‌دادی هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌درا و داوای پێكهێنانی هێزی "موقاوه‌مه‌ی عه‌ره‌بی" ده‌كات دژ به هێزه‌كانی هه‌سه‌ده. له ئه‌نجامی به دواداچوونه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه، كه هاندان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڵاوكراوانه له‌و ناوچانه به فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی هه‌واڵگری ڕژێمی به‌عس بووه.
یه‌كێكی تر له گرفته‌كان ده‌ركردنی یاسایه‌كه له‌لایه‌ن خۆسه‌ری دیموكرات به ناوی "یاسای خاوه‌ن موڵكی ئاماده‌نه‌بوو" كه تێیدا هه‌موو هاووڵاتییه‌كی سووری كه خاوه‌نی موڵكی گوێزراوه و نه‌گوێزراوه‌یه له سووریا و ماوه‌ی ساڵێك له موڵه‌كه‌انی نه‌پێچێته‌وه، ئه‌وا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌كه، موڵك و ماڵی ده‌خرێته خزمه‌تی گشتییه‌وه و له ده‌روازه‌ی خزمه‌تگوزاری گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و موڵكانه ده‌درێنه خه‌ڵكی تر تا تێیدا بژین و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایی به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی یاساكه ماف به لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی دراوه، كه وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر موڵكه‌كه بكات، یان به‌كرێی بدات، یاخود نۆژه‌نی بكاته‌وه و بۆ پرۆژه‌ی جیا جیا سوودی لێ وه‌ربگیرێ، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی خودی شاره‌كه‌وه.
یاسای خاوه‌نداری موڵكی كه‌سانی ئاماده‌نه‌بوو له سووریایش نیگه‌رانی له نێوان خه‌ڵك و هه‌سه‌ده دروست كردووه
له یاساكه هاتووه، كه كه‌سی ئاماده‌نه‌بوو مافی خاوه‌نداری موڵكه‌كانی له ده‌ست ده‌دا، ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سی نزیك و یه‌كه‌می له شاره‌كه بوونی نه‌بێ و ماوه‌ی ساڵێك له سووریا دوور كه‌وتبێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنه به‌شێوه‌یه‌كی كاتییه و دوای هاتنه‌وه‌ی ته‌نیا به ڕه‌زامه‌ندی خۆسه‌ری دیموكرات و به مامه‌ڵه‌كردن ده‌توانێ موڵك و ماڵه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه و سوودی لێ وه‌ربگرێت.
فه‌رید سه‌عوود چالاكێكی كوردی نیشته‌جێی قامیشلی له‌وباره‌وه گوتی، ئه‌مه ناكرێ ناوی بنرێ یاسا، به‌ڵكو بڕیاره و له‌لایه‌ن خۆسه‌ری دیموكرات و هه‌سه‌ده ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چونكه یاسا ناتوانێ موڵكی كه‌س مامه‌ڵه پێوه بكات، به‌ڵكوو ئه‌و بڕیاره بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه.
زیاتر گوتی، خۆسه‌ری دیموكرات به‌و بڕیاره ماف به‌خۆی ده‌دا كه مامه‌ڵه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به موڵكی ئه‌و كه‌سانه بكات، كه ڕوویان له وڵاتانی تر كردووه و تێیدا نیشته‌جێن، ئه‌مه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ گرفتی زۆر به دوای خۆیدا بهێنێت، خه‌ڵكی به ته‌واوی ڕه‌تی بكه‌نه‌وه و ناڕه‌زایه‌تیی ده‌رببڕن.