سێ مانگ به‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا كازمی تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه له حه‌وتی ئایار/مایۆی ڕابردوو ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، به‌رنامه و گوته‌كانی كازمی له سه‌ره‌تای متمانه‌دان به حكوومه‌ته‌كه به‌ڵێنی زۆر گه‌وره‌یان تێدا بوو، به‌ڵام ئێسته له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆپێشانده‌ران و چالاكان هاشتاگیان به ناوی "كوا به‌ڵێنه‌كان" دروست كردووه و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به وحكوومه‌ته‌یش ده‌رده‌بڕن.
یه‌كه‌مین به‌ڵێنی كازمی دوای وه‌رگرتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌وه بوو كه هه‌موو بكه‌رانی و كه‌سانی تێوه‌گلاو له كوشتنی خۆپێشانده‌رانی عێراق ئاشكرا ده‌كات و ده‌یانخاته گرتووخانه‌وه و سزای یاسایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه ده‌بوو كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنه بكات، به‌ڵام له ماوه‌ی ڕابردوو كه چووه ناو خۆپێشانده‌ران دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌وان دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌و ڕووداوانه ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌مه‌یش بووه مایه‌ی سه‌رسڕمان لای گه‌نجان به‌وه‌ی كه كازمی له سه‌ره‌تاوه به‌ڵێنی دا و هێشتا دۆسییه‌كه‌ی نه‌كردووه‌ته‌وه!
چالاكێكی خۆپێشاندانه‌كان له ناسڕییه له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" گوتی، حكوومه‌تی كازمی به‌ڵێنی زۆری دا، به‌ڵام هیچیانی نه‌هێنایه دی، له سه‌رووی هه‌موو به‌ڵێنه‌كانه‌وه‌یش، لێپرسینه‌وه و ئاشكراكردنی بكوژی خۆپێشانده‌ران بوو، به‌شێكیان ئاشكران و پێش هاتنی ئه‌و حكوومه‌ته فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچوو وه‌كو به‌رپرسی شانه‌ی ته‌نگژه‌كان، به‌رپرسی جموجۆڵی سوپا، جه‌میل شمه‌ری كه بڕیاری ته‌قه‌كردنی له خۆپێشانده‌ران دابوو، ئه‌وانه هه‌مووی ڕوونن و بڕیاریان بۆ ده‌ركرا، به‌ڵام دواتر بڕیاره‌كان دیزه‌به‌ده‌رخۆنه كران، كازمیش سه‌ره‌ڕای به‌ڵێندان به شێوه‌ی زاره‌كی، به كردار هیچ هه‌نگاوێكی نه‌هاوێشتووه.
بكوژی خۆپێشانده‌ران ئاشكراكراون و كازمی یه‌كه‌م به‌ڵێنی سزادانیان بوو و تا ئێسته جێبه‌جێی نه‌كردووه
ئه‌حمه‌د جه‌زائیری چالاكێكی خۆپێشاندانه‌كانی نه‌جه‌ف بۆ ڕۆژنامه‌كه دگوتی، حكوومه‌ت به‌ڵێنی به ئاشكراكردنی به‌رپرسی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی خۆپێشانده‌ران داوه، ئێمه‌یش كاتمان پێی داوه، تا ئه‌و دۆسیه‌یه یه‌كلایی بكاته‌وه، به‌ڵام ئێسته گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه حكوومه‌تی ئێسته‌یش نایه‌وێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌نجان و گه‌ل كار بكات و دۆسیه‌كه ده‌شارێته‌وه.
چالاكان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ده‌ستیان به ڕه‌خنه‌بارانكردنی كازمی كردووه و ده‌پرسن دوای 90 ڕۆژ نه‌توانرا بكوژی خۆپێشانده‌ره‌كان بدۆزرێنه‌وه، كه سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی پێشووه‌وه ئاشكرا كرابوون، كوا بكوژی خۆپێشانده‌ران، كوا بكوژی هیشام هاشمی و میدیاكارانی تر، هاوكات ناوی تاوانباره‌كانیشیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌پرسن، كوا جه‌میل شمه‌ری و عه‌بدولكه‌ریم خه‌له‌ف و خال، ره‌شید فله‌یح، ئه‌حمه‌د زوینی له كام گرتووخانه‌ن و چۆن لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
ئه‌سعه‌د ناسری كه یه‌كێكه له پیاوانی ئایینی و پشتیوانی سه‌رسه‌ختی خۆپێشانده‌ران بووه له تویته‌ری خۆی نووسیویه‌تی، وه‌ك ئاماژه‌تان پێ دا، ئامانجی ئه‌و حكوومه‌ته بریتییه له لێخۆشنه‌بوون له خوێنی عێراقییه‌كان، به‌ڵام ئه‌و خوێنه‌ی ڕژاوه، تا ئێسته دادگه‌یی نه‌كراوه، پێویسته به‌ڵێنه‌كان بهێننه دی، به پێچه‌وانه‌وه باسی به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردن و گه‌وره‌ترمان بۆ مه‌كه، حاڵی هه‌موومان وه‌كو حاڵی خۆپێشانده‌رانه و پێویسته حكوومه‌ت یه‌كسانی و دادگه‌ری بگێڕێته‌وه، به‌ر له هه‌موو شتێك، گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه گه‌نجان و خۆپێشانده‌ران به حكوومه‌تی خۆیانی بزانن.
ئارامی و ئاسایش وه‌كو پێش هاتنی حكوومه‌تی كازمییه و ته‌نگژه‌كانیش قووڵتر بوونه‌ته‌وه
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كازمی له سه‌ره‌كیترین به‌ڵێن كه به خۆپێشانده‌رانی دابوو، نه‌یتوانیوه هیچ شتێك بكات، هاوكات زۆرێك له چالاكان و په‌رله‌مانتاران بێهیوان و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كازمی تۆپه‌كه ده‌خاته گۆڕه‌پانی لایه‌نه‌كانی تره‌وه، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یش به نموونه‌یه‌كی زیندوو ده‌هێننه‌وه، ئه‌و ده‌یه‌وێ ته‌نیا نه‌گوترێ كه حكوومه‌تی كاتی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی دیاریی نه‌كرد و سه‌ركۆنه نه‌كرێ، ڕێككه‌وتێكی ڕاگه‌یاند، بێ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه بكات و پرس و ڕاوێژ به په‌رله‌مان و كۆمسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بكات.
یه‌حیا محه‌مه‌دی بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، كه پرۆژه یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن گرفت و ناكۆكی زۆری له‌سه‌ره، بۆیه تا ئه‌و بابه‌ته‌كه یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه، دیارییكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یش هیچ گرنگی نییه، له هه‌موو بابه‌ته‌كان گرنگتر له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، بریتییه له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی یاساكه له په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كازمی ئه‌و هه‌موو كارته‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، دۆخی ئابووری و ته‌ناهی عێراق ئێسته‌یش له خراپیدایه و هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان سێ مانگ پێش ئێسته و ئێسته ناكرێت، دیارده‌ی كوشتن و ڕفاندن به‌رده‌وامی هه‌یه، حكوومه‌ت تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئابووری بووه، گه‌نده‌ڵی هیچ بڕیار و هه‌نگاوێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بۆ نه‌نراوه و ئه‌وه‌ی له حكوومه‌ته‌كانی پێشوو و ئێسته‌یش ده‌كرێ، شێوه‌یه‌كی گشتییه نه‌ك ڕیشه‌كێشكردن، هه‌ڵكوتانه سه‌ر مه‌رزه‌كان و جێگیركردنی سوپا چاكسازی نییه، به‌ڵكو گرتنی ئه‌وانه‌ی مه‌رزه‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كارهێناوه و سزادانیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕاگه‌یاندنیان بۆ جه‌ماوه‌ر، به‌مه ده‌گوترێت چاكسازی.