ترەمپ: ئەگەر لە هەڵبژاردن ببەمەوە لەگەڵ ئێران رێك دەكەوم

:: AM:09:56:08/08/2020 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئێران ئاواتەخوازە ئەو لە هەڵبژاردن بدۆڕێنێت، كەچی بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا ئارام و قەراری لێ هەڵگیراوە. ئەو دەڵێت ئەگەر ببەمەوە زۆر زوو لەگەڵ ئێران رێك دەكەوم.

ئەو لە كۆنفرانسێكدا كە لە نیوجێرسی پێشكەشی كرد، ئاماژەی دا جگە لە رێككەوتن لەگەڵ ئێران، لەگەڵ كۆریای باكوریش رێك دەكەوێت.

ئێران زۆر حەز دەكات لەگەڵ ئەمەریكا دانوستان بكات
وەك ترەمپ خستیەڕوو، ئێران زۆر حەز دەكات لەگەڵ ئەمەریكا دانوستان بكات و رێك بكەوێت، هەرچەندە ئێران زیاتر حەز دەكات لەگەڵ جۆبایدن رێك بكەوێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا ترەمپ لە رێككەوتنی ئەمەریكا لەگەڵ چین لە ئەگەری بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردن نیگەرانە و دەڵێت، ئەگەر چین لەگەڵ ئەمەریكا رێك بكەوێت، ئەوا دەبێتە خاوەنی ئەمەریكا.

پێویستە بگوترێ پێشتر ئەگەری بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ زۆر بوو، بەڵام كۆرۆنا و كاریگەرییە خراپەكانی بۆ سەر ئابووری ئەمەریكا چانسی ترەمپ لە سەركەوتنی كەم كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەمیش مێژووناسێكی ئەمەریكا كە لە دەیەی هەشتاوە سەرجەم پێشبینییەكانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا راست دەرچوون، پێشبینی دۆڕاندنی ترەمپ و سەركەوتنی بایدنی كرد.


وشە - سلێمان تاشان