پیاوێك ژنەكەی دەكوژێت و تەقە لە پۆلیسیش دەكات

:: PM:01:49:09/08/2020 ‌
بەرپرسێكی پۆلیسی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لە شارۆكەی عەنكاوە كەسێكیان گرتووە كە هاوسەرەكەی كوشتووە و هاوكات ڕووبەڕووی هێزەكانی پۆلیسیش بووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئاب، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هێزەكانی پۆلیسی هەولێر دوو كەسیان بەتۆمەتی كوشتن گرت، یەكێك لە تۆمەتبارەكان هاوسەرەكەی كوشتووە.

ژنێك بەناوی زەینەب لە شارۆكەی عەنكاوە تەرمەكەی فڕێ دراوە
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕوونی كردەوە، دوای ئاگەداركردنەوەی پۆلیسی هەولێر بە بوونی تەرمێك لە شارۆكەی عەنكاوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، تیمێكی لێكۆڵینەوە لە هەریەك لە بەشی نەهێشتنی تاوان، بەشی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان و بەشی پۆلیسی عەنكاوە، بنكەی پۆلیسی حەدیاب و بنكەی پۆلیسی عەنكاوە پێكهێنرا.

باسی لەوەش كرد، دەركەوت ژنێك بەناوی زەینەب لە شارۆكەی عەنكاوە تەرمەكەی فڕێ دراوە، دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، نزیكەی حەوت سەعات تۆمەتبارەكە كە ناوی "ع. س. ن"ـە، بە چەكی كڵاشنكۆف دەستڕێژی فیشەكی لە هێزەكانی پۆلیس كرد، بەڵام دواتر توانرا بگیرێت و ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە كە هاوسەرەكەی خۆی بە فیشەك كوشتووە.

باسی لەوەش كرد، توانرا تۆمەتبارێكی تر لەم رووداوە بگیرێت بەناوی "هـ.م.ح"، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخرا و بەپێی مادەی (406) لە یاسای سزادان بەند كران.



وشە - رامیار جەواد