بەغدا لە پشێویدا نقووم دەبێت.. شكۆی حكوومەت لەسەر شەقامەكان پێشێل دەكرێت

:: PM:04:19:13/08/2020 ‌

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كراوەتەوە و تیایدا هێزێكی گەڕۆكی پۆلیسی عێراق لە ناوچەیەكی بەغدای پایەتەخت رووبەرووی كۆمەڵێك كەس دەبنەوە، ئەوان بەگژ پۆلیسەكاندا دەچنەوە و ئەندامانی هێزەكە ئەفسەرەكەیان بە تەنیا جێدێڵن، ئەویش بەرگری لەخۆی دەكات بە هەڕەشەی چەك، لە دیمەنێكی هاوشێوەی وڵاتێكی لاواز كە نە هێزە تەناهییەكان شكۆیان ماوە و نە خۆپێشاندەرانیش دەزانن چیان دەوێ، شڵەژان و شێواوی بە تەواوەتی باڵی بەسەر دیمەنەكەدا كێشاوە.
سەروەری و شكۆی دەوڵەتی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە پێشێل كراوە
وەك لە تۆمارە ڤیدیۆكە و بینە و بەردەی خەڵكەكە دیارە، هەندێك ئەو كەسانە بەوانە دادەنێن كە گرێبەستەكانیان لەلایەن حكوومەتەوە هەڵوەشاوەتەوە، هەندێكیش بە كەسانێكی سەر بە میلیشیاكان بۆ شێواندنی وێنەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییكاران، هەندێكیش بۆ دەرخستنی دۆخی بەغدا و دەسەڵاتی حكوومەت بە فشۆڵی، بە گشتی هەرچییەك بن، دیمەنەكان بەرجەستەی دۆخێی شپڕزەی بەغدای پایەتەخت دەكەن، لە وڵاتێك سەروەرییەكەی لە ناوخۆ و دەرەوە پێشێل دەكرێ و سەرۆكی حكوومەتەكەیشی ناراستەوخۆ سەركۆنەی رووداوەكان دەكات و وەك هەمووجار بەڵێنی چارەسەركردنیان دەدات. 

سەرچاوە تەناهییەكانی عێراق ئاماژەیان كرد كە ئەو كارمەندانەی هێزەكەی پۆلیس كە ئەفسەرەكەیان جێهێشتووە گیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رای گەیاند كە رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر پێشێلكارانی یاسا و دەستدرێژیكاران وەردەگرن، هەر ئەمڕۆ یەكێك لەوانەی دەستدرێژیان كردووەتە سەر ئەفسەرەكە، گیراوە.

كاردانەوەی چالاكانی سۆشیال میدیا سەبارەت بە دیمەنەكانی ناو ڤیدیۆكە بە جۆرێك بوو ئەوان هۆكارەكەیان بۆ لاوازیی یاسا و دەسەڵات لە عێراق گەڕاندەوە، یەكێكیان گوتی، ئەوەی روودەدات پشێوی ئاشكرایە و ئێمە لە دارستان دەژین كە دەوڵەت و سیستمی تیادا نییە، یەكێكی تر دەڵێت، گەندەڵی ئیداری و دارایی و واستە، شكۆی دەوڵەتیان نەهێشتووە، یەكێكی تر دەڵێت، ئەوانەی كارەكەیان كردووە ئەوانەن لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری گرێبەستیان هەڵوەشاوەتەوە، ئەوان رێز لە پلە ناگرن، چۆن دەیانەوێ بگەڕێنەوە، یەكێكیتر دووپاتی كردەوە كە ئەگەر دۆخەكە وا بمێنێتەوە، باندەكان لە دەوڵەت بەهێزتر دەبن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل