فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ئاشکرای دەکات، حکوومەتی عێراق فرمانی داوە پەکەکە و حەشدی شەعبی بۆسەر سنوور بکشێنەوە و شنگال چۆڵ بکەن، لە جێگەیان ھێزی ھاوبەشی ئاسایشی ھەرێم و پۆلیسی فیدڕاڵی ناو شنگال بپارێزن.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵ و پارێزگار داوایان لێ کردن پابەندی بڕیارەکە بن
ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی ئاب، قاسم دربۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال بە "وشە"ی راگەیاند، حکوومەتی عێراق فرمانیداوە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە شنگال چۆڵ بکەن و بکشێنەوە سەر سنووری نێوان سووریا وعێراق و چیتر لەناو شنگال نەمینن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و نەبنە کێشە بۆ خەڵک، بەھۆی ئەوانەوە چەندان جار شنگال بۆردمان کراوە و خەڵک ناوێرن بگەرێنەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی فەرمانەکە جێبەجێ بکرێت، دوێنی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵ و پارێزگار لە ناوچەی رەبیعە لە سنووری شنگال، لەگەڵ پەکەکە و حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و داوایان لێکردن کە پابەندی بڕیارەکە بن و لەو ناوچانە بکشێنەوە.
"ھەرکاتێک ئەوان کشانەوە، ئەوکات ھێزی ھاوبەشی ئاسایشی ھەرێم و پۆلیسی فیدڕاڵی دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ناوشار و دەوروبەری شنگال بپارێزن" قاسم دربۆ وای گوت.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە سنگال دووپاتی دەکاتەوە، پەکەکەش بەشێکە لە حەشدی شەعبی و مووچەی ئەوانیش لەلایەن حکوومەتی عێراق دابین دەکرێت، ئەگەرنا دەمێک بوو شنگالیان چۆڵ دەکرد، بەڵام حکوومەتی عێراق پشتگیرییان دەکات.
هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم