به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ئاشكرای ده‌كات، ئێسته چوار تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هۆڵی چاودێریی چڕی نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا خراونه‌ته ژێر چاودێری، له 24 سه‌عاتی ڕابردوودا 110 بوتڵ ئۆكسجین بۆ پارێزگاری له ژیانیان به‌كار هێنراوه، بۆیه داوا ده‌كه‌ن هه‌مووان خۆیان بپارێزن.
داوا له هاووڵاتییان ده‌كه‌ن پابه‌ندی ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان بن
ئه‌مڕۆ سێشه‌م هه‌شتی ئه‌یلوول، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له‌باره‌ی دۆخی پارێزگاكه له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕای گه‌یاندووه، ئێسته چوار نه‌خۆشی كۆرۆنا له ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردن له هۆڵی چاودێڕیی چڕی نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا.
ڕوون كراوه‌ته‌وه، "ته‌نیا له دوێنی شه‌و تا ئێسته سه‌رجه‌م نه‌خۆشه‌كان زیاد له 110 بوتڵ ئۆكسجین بۆ پارێزگاری له ژیانیان به‌كار هێنراوه، بۆیه داوا له هاوشاریانمان ده‌كه‌ین پابه‌ندی رێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان بن".
له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌مڕۆ، 32 هه‌زار و 998 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون، هه‌روه‌ها 20 هه‌زار و 923 هاووڵاتیش چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه و گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه ماڵه‌كانیان، هه‌زار و 231 كه‌سیش پێی مردوون، هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌م دۆخه چاوه‌ڕێی دروستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌كات و بڕیاره به زووترین كات بۆ هاووڵاتییانی ته‌رخان بكات.