موحسین جوامێر: ئەحمەد حاجی ڕەشید ناپاك و جاشە

:: PM:03:40:08/09/2020 ‌
موحسین جوامێر نووسەر و چاودێری سیاسیی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشه"‌ باس لەوە دەكات، كۆمەڵێك پەرلەمانتار بەناو كورد لە بەغدا بونەتە جاش و خۆیان فرۆشتووە. وەك ئاماژەی پێ دەدات ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندام پەرلەمانی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ گرووپێكی كۆمۆ‌نیستی بەیاننامەیەكی واژوو كردووە و داوا دەكەن، قەوارەی كوردستان هەڵبوەشێتەوە و بەغدا وەك ساڵانی پێش ڕاپەڕین حوكمڕانی هەموو عێراق بكات بە كوردستانەوە.
ئەوانە دژی میلەتی خۆیانن و‌ كەسانێك هانیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستانەیان هەبێت

* چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا هەڵوێستەكانیان دژی كوردستانە و تۆش لە وتارێكتدا پێیان دەڵێ جاش، بۆچی بەو شێوەیە هەڵوێستت لە بەرانبەریان وەرگرتووە؟
بێگومان لای كورد پێناسەی جاش دیارە، ئەو كەسەیە دژی میلەتی خۆی كار دەكات، دەیەوێت قیمەت و شكۆی میلەتی خۆی بشكێنێت و دەست لە ناو دەستی دوژمن دەنێت بۆ ئەوەی میلەتی خۆی سەركز و بندەست بكات.

* پێتان وایە ئەم پەرلەمانتارانەی كورد لە بەغدا دەستی دەرەكییان لە پشتە دژ بە قەوارەی كوردستان؟
كردەوەكانیان بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئەوانە كۆ‌مەڵێكن چوونەتە بەغدا دژی كوردستان كار دەكەن، تەنانەت لە حزبەكانی خۆشیان هەڵگەڕاونەتەوە، دەبێت لەم دیاردەیە بكۆڵدرێتەوه، لەبەرئەوەی سەر بەلایەنێكن كە لایەنەكە كوردستانییه،‌ بەڵام كە دەچنە‌ بەغدا هەڵدەگەڕێنەوە و پێچەوانە كار دەكەن، هەڵگەڕانەوەكەیان واتای ناپاكییە چوون ئەو ئەندام پەرلەمانەی دەچێتە بەغدا دەبێت پارێزەری مافەكانی كورد بێت لەوێ، كەچی ئەمانە‌ دەبنە دوژمنی خاك و ئاسمانی نیشتمانەكەیان، كەواتە ئەو ئەندام پەرلەمانانە كڕاون و نەفرەت لە خاك و میلەتی خۆیان دەكەن و بوونەتە جاش و دوژمنی خەڵكی خۆیان.
ئێمە چیمان هەیە لەم قەوارەیە زیاتر

* تۆ دەڵێی ئەحمەدی حاجی ڕەشید جاشە و وەرەقەیەكی واژوو كردووە لەگەڵ گرووپێكی كۆمۆ‌نیستی بۆ ئەوەی كازمی هێرشی سەربازی بكاتە سەر كوردستان؟
لەوەتەی ئەحمەدی حاجی ڕەشید بووەتە ئەندام پەرلەمان لە بەغدا و بەتایبەت لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، شەو و ڕۆژی لەسەر یەك داناوە لە دژی میلەتی خۆی كار بكات، ئەوەی من بینیومە هەموو چالاكییەكانی ئەوە بووە لای ئەم بەرپرس بۆ ئەو بەرپرسی عێراقی چووە بۆ ئەوەی دادگایی كوردستان بكەن، دەڵێن لە كوردستان كەموكوڕی هەیه،‌ گەندەڵی هەیە، دەبێت بێن لە هەولێر كار بكەین بۆ چاكسازی و باشتركردنی، كەچی ئەوەندەی لە توانایدا بووە، دژی كوردستان جووڵاوەتەوە.
هەرێمی کوردستان بووە بە چرایەک زیاتر لە بۆ 40 ملیۆن کورد

لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك لە دەرەوەی وڵات سەنگەریان گرتووە لە دژی میلەتی خۆیان، بەیاننامە دەردەكەن و ئەحمەد واژووی كردووە و ناوەكەی لە ڕیزبەندی ژمارە چوارە، داوای كردووە داودەزگای كوردستان هەڵبوەشێنەوە و كوردستان بكەوێتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی  حكوومەتی عێراق، واتا كوردستان بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاپەڕین، ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەوری ئەوە‌ دەبینێت كوردستان لەناو بچێت.

* پێتان وایە خەڵكی نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیران چۆن دەبێت هەنگاو بگرنەبەر دژ بەو نموونانەی وەك ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هاوبیرەكانی؟
دەبێت ڕاستیی ڕووی ئەم كەسانە بۆ خەڵكی ڕوون بكرێتەوه، بگوترێ كە‌ ئەمانە كوردیان ناوێت، ئەوانە كوردستانی نین، دژی میلەتی خۆیانن، دەبێت ئەو ڕاستییە بگوترێت. ئێمە چیمان هەیە لەم قەوارەیە زیاتر، بووە بە‌ چرایەك بۆ 40 ملیۆن كورد، ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بەغدایەی چەندان سەدە كوشتوبڕی كردین؟ ئەگەر كوردستان گەندەڵ بێت ئەوە بەغدا گەندەڵترە، خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەوبا و شارەوانی زۆر خراپترە لەچاو كوردستان و خەڵكەكەی‌ ژیانیان نالەبارە، ئێمە ئەو دەسكەوتەمان هەیە، بەڵام تۆ بێیت و خۆت بخەیتە ژێر بەرپرسانی بەغدا و دژی میلەتی خۆت هەڵبگەڕێیتەوە.

* بۆچی ئەو ئەندام پەرلەمانانە دژی ڕیفراندۆم و هەوڵەكانی كورد بۆ سەربەخۆبوون هەنگاو دەنێن؟
ئاخر ئەوانە دژی میلەتی خۆیانن و‌ كەسانێك هانیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستانەیان هەبێت دژ بە مافی خەڵكی خۆیان، راستییەكەی ئەو دۆخەی هەیە هیچ پێوەندی بە ڕیفراندۆمەوه ‌نییە، ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسی ئینسانی بوو، خۆ ئەوەندەی ئەو  بەناو كوردانەی دژی ڕیفراندۆم قسە دەكەن، نەیارەكانمان ئەوەندە قسە ناكەن، كوا بەغدا ڕیفراندۆمی لێ كردووینەتە بیانوو؟ من شانازی بە ڕیفراندۆم دەكەم لەبەرئەوەی سەركەوتنێكی شەرعی و ئینسانی و ئاینی و یاسایی بوو.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - هیدایه‌ت جان