دواى ئه‌وه‌ى لە چواری ئابی ڕابردووه‌وه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، پڕۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی په‌سه‌ندكرد و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كرد. تیایدا دروستكردنی پەناگەی تایبەت بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو، هه‌روه‌ها دامەزراندنی دادگای تایبەت بۆ كەیسی توندوتیژیی و دیاریكردنی سزادانی ئەوانەی توندوتیژی دەكەن، به‌ڵام تاكو ئێسته ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه نه‌گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان.
ژنان و منداڵان بە "چینە لاوازەکە"ى کۆمەڵگه‌ى عێراقى ئاماژەیان پێکراوە
پڕۆژە یاساكە لە 21 بەند و حووکمی سزادان پێكدێت، بەگشتی ئامانج لە دەركردنی، پاراستنی خێزانە، بەتایبەت ژنان و منداڵان کە بە "چینە لاوازەکەی" کۆمەڵگه‌ى عێراقى ئاماژەیان پێکراوە.
هەر به‌پێی پڕۆژەكە لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه پێكده‌هێنرێت به‌ناوی "لیژنه‌ی باڵا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی" به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ناوی "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاراستنی خێزان" له وه‌زاره‌تی ناوخۆ دادەمەزرێت، له‌گه‌ڵ پێكهێنانی دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كانی توندوتیژی خێزانی و دیاریكردنی سزای ماددی و زیندانیكردن بەشێكی تری پڕۆژە یاساكەیە.
له‌وباره‌یه‌وه یوسف سامان پارێزه‌ر و ڕاوێژكارى یاسایى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، "ئه‌گه‌رچى پڕۆژه‌یاساكه حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقى ناچار ده‌كات به كردنه‌وه‌ی چه‌ندان سهنتەر و شێڵته‌ر بۆ پاراستن و له‌خۆگرتنی قوربانییانی توندوتیژی خێزانی له به‌غدا و پارێزگاكانی تر. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه به‌هۆى بوونى عورفه دینییه‌كان له عێراق سه‌رناگرێت".
زیاتر گوتى، "كارى لیژنه‌ی باڵا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی له عێراق سه‌رناگرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى كه‌سیه‌كانى ژنان له ده‌ره‌وه‌ى دادگا و پیاوانى ئاینى شیعه و سوونه بڕیار له‌سه‌ر ماف و ئه‌ركه‌كان ده‌ده‌ن و ئه‌وان بهبڕواى خۆیان چاره‌سه‌رى هه‌ر كێشه‌یه‌ك ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ڕوویدات".
ئاشكراى كرد، ئه‌وه‌ى ئێسته و له داهاتوویشدا ڕووده‌دات له به‌غدا و په‌رله‌مانى عێراقى ته‌نیا كات به‌سه‌ر بردنه و گاڵته كردنه به دۆسییه‌كانى توندوتیژى به‌رانبه‌ر ژنان."
ڕوونى كرده‌وه، "ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه به‌هۆى فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ده‌رچووه، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانییه لە عێراق، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكه لە كەرەنتینەدا زۆرترین ئامارى قوربانى ژنان له شاره‌كانى عێراقدا هه‌بووه".
سروود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی كەركووكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی، ڕاى گه‌یاند، "ئەم یاسایە ئاشتەوایی دەهێنێتە ناو خێزانەوە، ئه‌گه‌رچى یاساکە پێویستی بە پێشخستن و گۆڕانکارییە، بۆ ئەمەیش دەبێت سوود لە ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت".
به‌پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا زیاتر له پێنج هه‌زار دۆسیه‌ی توندوتیژی خێزانی هه‌بووه له سه‌رجه‌م شاره‌كانى عێراق به كه‌ركووكیشه‌وه. له‌و ئاماره‌دا هاتووه توندوتیژی پیاو به‌رانبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی زیاتر له سێ هه‌زار و 600 دۆسیه و توندوتیژی ژن به‌رانبه‌ر به پیاویش زیاتر له 450 دۆسیه بوونه.
بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان دووانه‌یه‌كی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراون، كه هه‌میشه تێكپڕژانیان به‌یه‌كه‌وه ڕووده‌دات، ئێسته كه عێراق له دۆخێكی سه‌ختی ئابووریدایه، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه كه‌وتووه‌ته ژێر مه‌ترسی و خێزانه‌كان كێشه‌كانیان زیاتر بووه.