بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاربن لە بوونی مار و خشۆكە زیان بەخشەكان.
ئەمڕۆ سێشەم 15ی ئەیلوول، سەركەوت كارەش بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاربن كاتێك شەوانە دەنوون بە تایبەت ئەو ماڵانەی پێشیان باخچە و گۆڕەپانە.
داوا لە هاووڵاتییان دەكەین ئاگەداری خۆیان بن، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە گەشت
ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی گوتی، ئێستە وەرزی هاتنە دەرەوەی ئەم زیندەوەرە زیانبەخشانەیە بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین ئاگەداری خۆیان بن، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە گەشت دەرگای ئۆتۆمۆبێلەكەیان نەکەنەوە لەو شوێنەی لێی دانیشتوون تا ئێوارە دەگەڕێنەوە.
باسی لەوەشكرد، شەوی ڕابردوو لەلایەن هاووڵاتییەك بەبوونی مارێك لە ناو ماڵەكەیان لە شارۆكەی عەنكاوە ئاگەدار كراینەوە و تیمەكان بەهانایانەوە چوون.
ڕوونی كردەوە، ئێمە مەبەستمانە هاووڵاتییان بزانن كە ئەو زیندەوەر و خشۆكانە زیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن و دەبێت كەمێك بەهۆشیارییەوە مامەڵە بكەن.