ئەڵمانیا بڕیاری دا هەزار و 500 پەناخواز وەربگرێت

:: PM:04:15:15/09/2020 ‌
ئەڵمانیا بڕیاری دا هەزار و 500 پەناخوازی تر وەربگرێت کە لە دوورگەکانی یۆنان مابوونەوە. لە ئاگرکەوتنەوەکەی هەفتەی رابردوو سەرووی 13 هەزار پەناخواز لە کەمپیکی پەنابەران ئاوارە بوون.

ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا رەزامەندی دەربڕیوە تا وڵاتەکەی پێشوازی لە هەزار و 500 پەناخوازی  تر بکات.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا پێشنیارەکەی بۆ راوێژکاری باڵای وڵاتەکە بەرز کردبووەوە ئەویش داواکارییەکەی پەسند کردبوو. بڕیارە ئەو پێشنیارە ئەمڕۆ سێشەم لە پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوتوێ بکرێت .

پێشتر ئەوە راگەیەنرابوو کە ئەڵمانیا رەزامەندی دەربڕیوە 100 تا 150 منداڵی کەمپەکان کە تەمەنیان خوارووی تەمەنی یاساییە وەربگریت. ئەو داواکارییەی ئەڵمانیا تایبەت نییە بە یەک دوورگە و لە سەرجەم ئەو دوورگانەی پەناخوازیان داڵدە داوە چانسی ئەوە هەیە پەناخواز وەربگیرێت.

ئەولەویەت بەو خێزانانە دەدرێت کە منداڵیان هەیە.
دوای ئەو بریارە نوییە ئەولەویەت بەو خێزانانە دەدرێت کە منداڵیان هەیە. بەگشتی لە دوورگەکانی یۆنان سەرووی 30 هەزار پەناخواز چاوەڕوانی ئەوە دەکەن بۆ رۆژئاوای ئەوروپا بڕۆن و مافی پەنابەرێتییان پێ بدرێت.



وشە - سلێمان تاشان