به گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی مێركۆپرێسی ئه‌مه‌ریكی له ماوه‌ی حه‌وت مانگی ڕابردوو، به‌ڕازیل به بڕی 111 ملیۆن دۆلار مانگای تازه‌پێگه‌یشتووی به وڵاتانی دنیا فرۆشتووه و ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می كڕیاره‌كانیشی بریتی بوو له توركیا و دواتر عێراق و چه‌ند وڵاتێكی تر.
ماڵپه‌ڕه‌كه نووسیویه‌تی، له باشووری به‌ڕازیل له نزیك شاری پیلۆتاس، نه‌وه‌ی مانگاكانی ئه‌وروپی به فره‌وانی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌وكاته‌ی ته‌مه‌نیان ده‌گاته حه‌وت تا 10 مانگ و كێشیان نزیك ده‌بێته‌وه له 250 كیلۆگرام له‌لایه‌ن به‌ڕازیله‌وه به وڵاتانی تری دنیا ده‌فرۆشرێنه‌وه.
كێڵگه‌كانی پیلۆتاس بوونه‌ته ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی مانگا و گوێره‌كه و پاش ئه‌وه‌ی ئاماده ده‌بن بۆ فرۆشتنه‌وه، سه‌رجه‌میان له به‌نده‌ری ریۆ گراندی له ویلایه‌تی ری‌و گراندی دو سولی به‌ڕازیل بار ده‌كرێن و به كه‌شتی بۆ ئه‌و وڵاتانه ده‌گوێزرێنه‌وه، كه مانگاكانیان كڕیوه، له ماوه‌ی حه‌وت مانگی ڕابردوویش به گوێره‌ی ئاماره‌كان له كۆی 26 گوێره‌كه‌ی تازه پێگه‌یشتوو 22 هه‌زاری له‌لایه‌ن توركیاوه كڕدراوه و چوار هه‌زاری تریش لبنان كڕیویه‌تی و گه‌یه‌نراونه‌ته هه‌ردوو وڵاته‌كه.
ماڵپه‌ڕه‌كه نووسیویه‌تی، كێڵگه‌كانی ئیستانیكا دێل سور و كاپایۆ دو لیۆ له نزیك شاری پیلۆتاس، مانگا و گوێره‌كه‌ی جۆری ئه‌نگوس و برانگۆس به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و به‌شێوه‌یه‌كی خێرایش ڕوویان له زیادبوونه و ئه‌و كێڵگانه بوونه‌ته هۆی ده‌سته‌به‌ركردنی زۆرترین گوێره‌كه بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
پاش ئاماده‌كردنیان و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاته‌كان، مانگانه ماوه‌ی پێنج ڕۆژ به‌ڕێگه‌وه ده‌بن تا ده‌گه‌نه به‌نده‌ری ریۆ گراندی، لیلی ڤیتۆریلو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فرۆشتن و ئاڵوگۆڕه‌كان له به‌نده‌ره‌كه له‌وباره‌وه گوتی، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو كاروانێكی تری گوێره‌كه له به‌نده‌ره‌كه‌مان كه بڕی 14 هه‌زار و 500 گوێره‌كه بوون، ده‌ستیان به ڕۆیشتن كرد بۆ لبنان و توركیا، له‌لایه‌ن كه‌شتی ئێم ڤی نادا كه هه‌ڵگری ئاڵای وڵاتی په‌نه‌مایه به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌وته ڕێ، گه‌شتی ئه‌و كه‌شتییه‌یش نزیكه‌ی 28 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و سه‌رجه‌م پێویستییه‌كانی مانه‌وه و خواردن بۆ گوێره‌كه‌كان له نێو كه‌شتییه‌كه ده‌سته‌به‌ر كراون.
زۆرینه‌ی ڕه‌های هاورده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێ و بۆ خواردن و قوربانیكردن سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت
به گوێره‌ی ئاماره‌كان له‌و به‌نده‌ره‌ی باشووری به‌ڕازیله‌وه له ماوه‌ی ڕابردوو بڕی 45 هه‌زار سه‌ر گوێره‌كه ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كراون كه كۆی گشتی كێشیان 11 هه‌زار و 800 تۆن بووه و نرخه‌كه‌یشیان 23 ملیۆن و 340 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بووه. داتاكان ئه‌وه‌یش ده‌رده‌خه‌ن كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا كۆتایی مانگی ئاب/ئۆگه‌ست به‌ڕازیل بایی 111 ملیۆن دۆلار گوێره‌كه و مانگای به وڵاتانی عه‌ره‌بی فرۆشتووه، ئه‌مه‌یش به به‌راورد به ساڵی 2019 ڕووی له كه‌می كردووه، چونكه له هه‌شت مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019 بڕی 59 هه‌زار و 360 تۆن كه ژماره‌یان 237 هه‌زار و 400 سه‌ر مانگا بوو ڕه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرابوو و زۆرترین قازانج و داهاتی بۆ باشووری به‌رازیل ده‌سته‌به‌ر كردووه و پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه و ده‌یانه‌وێ باشووری وڵاته‌كه بكه‌ن به كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی گوێره‌كه و گه‌شه‌پێكردنیان به خێرایی و فرۆشتنه‌وه‌یان به وڵاتانی عه‌ره‌بی.
ڕاپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كه‌ن، كه توركیا له ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌م دێ له كڕینی سه‌ر مانگای به‌ڕازیلی و دوای ئه‌ویش عێراق و میسڕ و شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیه و لبنان و ئوردن دێن، كه باشترین كڕیاری گوێره‌كه‌ی به‌ڕازیلین و ساڵانه به هه‌زارانی لێ هاورده ده‌كه‌ن، ده‌سته‌ی هه‌نارده‌كردنی به‌ڕازیلیش دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مساڵ هاورده‌ی گوێره‌كه له وڵاته‌كه‌وه بۆ ده‌ره‌وه به ڕێژه‌ی 47% به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌می كردووه.
دڵنیایی نییه كه چۆنیه‌تیی به‌خێوكردنیان به شێوازی ئیسلامیانه بێ و بۆ قوربانیكردنیش به‌كارده‌هێنرێن
ئه‌وی جێی سه‌رنج، ئه‌و وڵاتانه سه‌ره‌ڕای هاورده‌كردنی ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی گوێره‌كه، به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستی وه‌چه‌خستنه‌وه كه‌مترین ڕێژه‌یان سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه هه‌موو ساڵ پێویستیان به گوێره‌كه و مانگای ئه‌و وڵاته بێ و پاره‌یه‌ی زۆر ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن، سه‌رجه‌می ئه‌و گوێره‌كانه‌یشی كه ده‌گه‌یه‌نرێنه وڵاته‌كان، ڕاسته‌وخۆ به‌شی ڕه‌هایان ده‌برێنه سه‌ربڕخانه‌كان و ده‌كوژرێنه‌وه و گۆشته‌كانیان بۆ خواردن سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌شێك له‌و وڵاتانه ناتوانن سوود له پێسته‌كه‌یشی وه‌ربگرن، ته‌نیا بۆ خواردن گوێره‌كه ده‌كڕن.
گرفتێكی تر ئه‌وه‌یه، زۆرینه‌ی ئه‌و گوێره‌كانه له كاتی جه‌ژنی قوربان، له‌لایه‌ن خه‌ڵك و خێرخوازانه‌وه ده‌كڕدرێن و سه‌ریان ده‌بڕێ و ده‌كرێنه خێر، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بزانن كه ئه‌و جۆره گوێره‌كانه له به‌ڕازیل چ جۆره خواردنێكیان پێ دراوه و تا چه‌ند له‌سه‌ر شێوازی ئیسلامیانه گه‌شه‌یان كردووه، ئه‌مه‌یش بۆخۆی بووه‌ته پرسیار له ماهیه‌تی قوربانیكردن، چونكه هێنانی گوێره‌كه له وڵاتێكی نامسوڵمان له‌لای زۆرێك له خه‌ڵكی گومانی دروستكردووه و وایكردووه كه بیركردنه‌وه‌یه‌كی خراپیان هه‌بێ به‌رانبه‌ر به‌و جۆره قوربانیكردنه، به‌هۆی گومانكردنیان له ته‌ندروستی و پاكی گوێره‌كه‌كان و گۆشته‌كانیان.