فیلمێك لەبارەی ژیانی مادۆنا دێتە بەرهەم

:: AM:09:50:16/09/2020 ‌
مادۆنای هونەرمەند كە ئەستێرەیەكی ناوداری بوارەكانی گۆرانی و سەمایە بە ستایلی "پۆپ" دەناسرێتەوە. خۆی بەشداری لە سیناریۆی فیلمێك دەكات كە تایبەت بە ژیانی هونەریی خۆیەتی.
خۆی بەشداری لە سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمەکە دەکات

ئاژانسی "رۆیتەرز" ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، ستۆدیۆكانی "یونیفەرساڵ بیكشرز" كە سەربە كۆمپانیای "كۆمكاست"ـە رای گەیاندووە، مادۆنا خۆی بەشداری لە سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمێك دەكات كە تایبەت بە ژیانی هونەریی خۆیەتی.

كۆمپانیاكە ئەوەشی گوتووە، مادۆنا لەگەڵ نووسەری سیناریۆی فیلمی "جۆنۆ" دیابلۆ كۆدی كە ئەو فیلمە خاوەنی خەڵاتی ئۆسكارە، بەشداری لە سیناریۆی فیلمەكەی خۆی دەكات.

مادۆنا بە ناودارترین گۆرانیبێژی جیهانی هەژمار دەكرێ كە زۆرترین فرۆشی ئەلبوومەكانی هەیە، ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە لە بوارەكانی گۆرانی و سەما و هەندێك جاریش لە بەرهەمهێنانی فیلمدا رۆڵی چالاكی هەبووە.

ئەو خاتوونە هونەرمەندە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، پێم خۆشە ئەو گەشتە هونەرییەی لە ژیانمدا كردوومە وەك گۆرانیبێژ و سەماكار و موزیكوان، لە فیلمێكدا بیخەمە بەرچاوی هەموو دنیا. سەرجەمی ئەو فیلمە تایبەت دەبێ بەو كارە هونەرییانەی ئەنجامم داوە.

ناوی راستینەی مادۆنا "مادۆنا لویز كیكۆن"ە و لە 1958 لە باسی سیتی ویلایەتی میتچان لە ئەمەریكا لە دایك بووە و بەڕەگەز ئیتالییە. گۆرانیبێژێكی ناوداری دنیایە و هاوكات سەماكار و نمایشكارە، لەگەڵیدا نووسەری تێكستی گۆرانییە و بەرهەمهێنەر و هەروەها دەرهێنەرە. لەگەڵ ئەوانەشەدا چالاكێكی دیاری بواری مرۆییە.

مادۆنا لە بواری پۆپ و موزیك و موزیكی ئەلیكترۆنی كاری كردووە و لەگەڵیدا بایەخی بە موزیكی فۆلكلۆر داوە و كاری تێدا كردووە. تا ئێستە 14 ئەلبوومی گۆرانیی بڵاو كردووەتەوە و دەیان خەڵاتی جیهانیی پێ بەخشراوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د