زریان نرخی نەوتی هەڵكشاند

:: AM:09:52:16/09/2020 ‌
هەڵكردنی زریانی سالی لە ئەمەریكا و كەمبوونەوەی 25%ی بەرهەمهێنانی نەوت لە كەنارئاوییەكانی ئەمەریكا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.

لە دوێنێ سێشەمەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە كە بۆ نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردووی دابەزیبوو. بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برینت لە 39 دۆلار و 50 سەنتەوە بۆ 41 دۆلار و 20  سەنت هەڵكشاوە. هاوكات نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش لە خوارووی 37 دۆلارەوە بۆ سەرووی 39 دۆلار هەڵكشاوە.

نرخی نەوت كە تا سەرووی 46 دۆلار هەڵكشابوو لە سەرەتای ئەم مانگەی زاینییەوە رووی لە دابەزین كردبوو و بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی كەم بووبووەوە. 
زریانی سالی خستنەڕووی نەوت لە ئەمەریكای بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزاندووە

زۆری خستنەڕوو و كەمی داخوازی هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی نەوت بووە و ئێستەش كە زریانی سالی خستنەڕووی نەوت لە ئەمەریكای بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزاندووە و كاریگەری لەسەر هاوسەنگی بازاڕ هەیە، بۆیە نرخەكە بەرز بووەتەوە.

پێشتر پێشبینی كرابوو لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرمی و ئاساییبوونەوەی دۆخی كۆرۆنا و كرانەوەی بازاڕەكان و كارگەكان، داخوازی لەسەر نەوت زیاتر بێت، تا دوێنێ داخوازییەكە كەمی كردبوو و خستنەڕووش هەر لە پەرەسەندندابوو.

وڵاتانی ئۆپێك پڵاس لە سەرەتای مانگی ئایارەوە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان جێبەجێ كردووە كە لەو كاتەوە كاریگەری بۆ سەر هەڵكشانی نرخی نەوت و رێگریكردن لەسەر زیاتر دابەزینی بەهای نەوت هەبووە.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 323 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌