تەرمی سێ‌ كوردە سەربڕاوەكەی بەغدا دەهێندرێتەوە كوردستان

:: PM:12:05:16/09/2020 ‌
تەرمی ئەو سێ‌ كوردەی لە بەغدا سەربڕان، دەهێندرێتەوە كوردستان و پاش كەمێكی تر لە گردی سەیوان بەخاك دەسپێرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، ڕێژوان ئەمین چالاكی مەدەنی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تەرمی ئەو سێ‌ هاووڵاتییە كوردەی لە بەغدا سەربڕان، لە سلێمانین بەخاك دەسپێرێن.

خۆیان خەڵكی سلێمانین و پاش تەواوكردنی خوێندنی كچەكەیان لە زانكۆی مەنسووڕییە، لە بەغدا نیشتەجێ بوونە
ئەو چالاكە گوتی، لە گردی سەیوان گۆڕ بۆ ئەو سێ‌ كوردە ئامادە كراوە، چونكە خۆیان خەڵكی سلێمانین و پاش تەواوكردنی خوێندنی كچەكەیان لە زانكۆی مەنسووڕییە، لە بەغدا نیشتەجێ بوونە.

باسی لەوەش كرد، تا ئێستە پزیشكی دادوەری بەغدا هیچ ڕاپۆرتێكی تەرمەكانى نەناردووە و ئەوەی ئێمە زانیومانە توندوتیژی بەرانبەر كچەكە كراوە.

شەوی ڕابردوو كچە چالاكێك كە پزیشكی دەرمانسازە‌ و باوكی و دایكی سەریان لەلاشە‌یان كراوەتەوە، لە ماڵەكەی خۆیاندا سەربڕاون.

ڕووداوەكە لە ڕۆژئاوای ناوچەی مەنسووڕی پارێزگای بەغدا ڕووی داوە، لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو ئەو خێزانە سێ كەسییە سەربڕاون، دواتریش ماڵەكەیان بە تاڵان براوە، تەواوی ڕووداوی كوشتن و دزینەكەیش لەناو ماڵی ئەو خێزانە ڕووی داوە.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاكانی پزیشكی دادی بەغدا دەركەوتووە، كچەكە بە ئەگەری %60  دەستدرێژیی كراوەتەسەر و هەردوو قاچ و سەریشی بڕاوە، باوكیشی تەنیا سەری بڕاوە، دایكیشی بە چەقۆ كوژراوە.

دایكی ئەو كچە پزیشكە دەرمانسازەی كوژراوە، بەهەمانشێوە پزیشكی دەرمانساز بووە ماوەی دوو مانگە خانەنشین بوو، ناوی عالیە ڕەشید نەجمە و بە پلەی شارەزا لە فەرمانگەی دەزگاكانی ئاین و خێرخوازی فەرمانبەر بووە.




وشە - رامیار جەواد