بە دەیان دۆنم دارخورما لە خانەقین سووتا

:: PM:12:05:16/09/2020 ‌
لەگەڵ كۆتایی وەرزی هاوین و كاتی لێكردنەوەی خورما، شەپۆلی سووتانی دارخورماكانی خانەقین دەستی پێ كردووە و چالاكان و ژینگەپارێزان سكاڵا دەكەن.
بەشێک لە خاوەن باخەکان خۆیان دەستیان لە سووتانیدا هەیە

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول، سەروەر عەلی چالاكی مەدەنی خانەقین بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای 2003وە بەمەبەستی كردنیان بە باڵەخانە، ناوبەناو دارخورماكانی خانەقین دەسووتێنرێن، بەڵام لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەم دیاردەیە زیادی كردووە.

هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە هەندێك لە خاوەن باخەكان بۆ ئەوەی بیكەن بە باڵەخانە، خۆیان دەستیان لە سووتانیدا هەیە و ئەوانی تریش پێوەندییان بە نەبوونی چاودێرییەوە هەیە.

بێستوون باجەڵان وەك ژینگەپارێزێك بۆ "وشە" هێمای بۆ ئەوە كرد، سكاڵایان لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو كارەساتە ژینگەییە تۆمار كردووە و داوای دۆزینەوەی بكەرانی دەكەن.

بەرگریی شارستانی خانەقین بە بیانووی نەبوونی دەسەڵاتی لێدوان، تەنیا وەك زانیاری ئەوەیان خستەروو، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا گەورەترین باخی خورما كە زیاتر لە دەیان دۆنمە، سووتاوە.

دیار شەوكەوت بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە"وشە"ی راگەیاند، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نادیارە و ئەمڕۆ بەدواداچوونی ورد دەكەین لەبارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین دووپاتی دەكاتەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین هاوكارمان بن لەوەی كە گومانیان لە كێ هەیە ئاگاداریان بكەنەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان