UN: توركیا و هاوپەیمانەكانی بەرانبەر كورد تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن

:: PM:03:27:16/09/2020 ‌
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا بە توندی رەخنە لە توركیا و گرووپەكانی هاوپەیمانی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سووریا گرتووە و بە داگیركردن و بەتاڵانبردنی ماڵی كورد تۆمەتباریان دەكات.

كۆمسیۆنی سەربەخۆی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە كاروباری سووریا هەر شەش مانگ جارێك لەبارەی سووریا راپۆرتێك بڵاو دەكاتەوە، لە راپۆرتێ ئەمجارەیدا بە توندی رەخنە لە هەنگاوەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی لە سووریا گیراوە.

ئەو تاوانانەش بە ئاگاداری هێزەكانی توركیا ئەنجام دەدرێن.
بەپێی راپۆرتەكە سوپای ئازادی سووریا دەرهەق بە كورد تاوانی زۆر گەورە ئەنجام دەدات، ئەو تاوانانەش بە ئاگاداری هێزەكانی توركیا ئەنجام دەدرێن.

تاوانەكان
ئەشكەنجەدان، دەستدرێژی، تاڵانكردن و دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكی خەڵك بەشێك لەو تاوانانەن دەرهەق بەكورد رەوا بینراون.

لە سەرێ كانی كۆمەڵێك تۆڕ و باندی مافیایی سەریان هەڵداوە كە بەشێوەیەكی رێكخراو پەرە بەو تاوانانە دەدەن و سوپای ئازاد بە هاوكاری توركیا تەنانەت دەرگای پەنجەرەی ماڵانیش بە تاڵان دەبەن چ بگا بە سامانی تر. دەست بەسەر زۆربەی ماڵە كوردەكان لە عەفرین و سەری كانیدا گیراوە .

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، زۆر ار خەڵك دەگیرێن و بە توندی ئەشكەنجە دەدرێن و هەموو ئەو تاوانانەش بە چاودێری سوپای توركیا دەكرێن. هەندێك جار پیاوان و كوڕان دەست بەسەر دەكرێن و لە پێش چاوی ئەوان دەستدرێژی دەكرێتە سەر ژن و خوشكیان.

هیج نەماوە تاڵان نەكرێ
تاوانەكان زۆرن و تەنانەت دەستیان بە دزین و بە تاڵانكردنی شوێنەوارە مێژووییەكانیش كردووە و لە هیچ تاوانێك خۆیان نەپاراستووە. شوێنە مەزەوییەكان و تەنانەت گۆڕستانی ئێزیدییەكانیش لەم دەستدرێژییانە پارێزراو نەبوون .
باكوری سووریا وەك شوێنێكی داگیركراو سەیر دەكرێ

هەر لە راپۆرتەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە كراوە، باكوری سووریا وەك شوێنێكی داگیركراو سەیر دەكرێ و پێویستە توركیا یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانی پێوەندیدار بە حوكمڕانی شوێنێكی داگیركراو پشتگوێ نەخات و رێزیان لێ بگرێت.

پێویستە بگوترێ توركیا لە ساڵی 2018ەوە عەفرینی داگیر كردووە و دواتر كۆمەڵێك ناوچەی تری خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، كۆمەڵێك گرووپی عەرەبی سەر بە سوپای ئازاد و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدەی لەو شوێنانە مۆڵ داوە.

یەكێك لەو كەمینە مەزەوییانەی لە عەفرین ستەمێكی زۆریان لێ دەكرێت و گرووپە جیاوازەكان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك لە ناوچەكە دووریان بخەنەوە، ئێزیدییەكانن و چەند مانگ لەمەوبەریش ئەوە ئاشكرا بوو كە دەیان كەس لە ئێزیدییەكان لە گرتووخانەی سەربە گرووپە میلیشیاكان دەستبەسەر كراون.

گۆڕینی دیموگرافیا
لەو كاتەوە توركیا پێی ناوەتە خاكی سووریا و رۆژئاوای كوردستان، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەی داوە و ویستوویەتی ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە شارە گەورەكانی سووریاوە روویان لە توركیا كردووە، لە ناوچە كوردنشینەكان جێگیریان بكات.

هەنگاوی یەكەمی ئەردۆغان ئەوەبوو كورد ناچار بكات لە بەشێكی ئەو ناوچانە بكشێتەوە و لەو هێرشەش كە بەر لە نەورۆزی 2018 كردیە سەر عەفرین، بە سەدان هەزار كەس لە دانیشتووانی شارەكە ئاوارە بوون و ماڵەكانیان جێهێشت و ئەو گرووپانەش كاتێك شارەكەیان داگیر كرد، لەو ماڵانە جێگیر بوون و بنەماڵەی عەرەب جێی ئەوانی گرتووەتەوە.
ئامانجی ئەردۆغان ئەوەبوو تەواوی رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات

داگیركردنی سەرێ كانیش دوای ئەوە كرا كە ئەمەریكا بڕیاری دا هێزەكانی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە و گڵۆپی سەوزی هێرشكردنی بۆ توركیا پێ كرد، توركیا ئەو هەلەی قۆستەوە و بەشێك لە ناوچەكانی داگیر كرد، لە چوارچێوەی رێككەوتنێك كە دواتر لەگەڵ رووسیا كردی، كوردی ناچار بە پاشەكشە كرد. ئامانجی ئەردۆغان ئەوەبوو تەواوی رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات، بەڵام وەرسووڕانی سیاسەتی ئەمەریكا دەرهەق بە رۆژئاوا و جارێكی تر پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە بەشێكی بڕیارەكانی و گوشاری كۆنگرێس، وای كرد رێگری لەوە بكرێ توركیا هەنگاوی زیاتر بهاوێژێت.

توركیا رێك لەو كاتەوە هاتە ناو خاكی سووریا و رۆژئاوای كوردستان كە داعش لەسەر دەستی هێزە كوردییەكان بە هاوكاری ئەمەریكا و هاوپەیمانان شكستێكی گەورەی بەركەوتبوو و خەریك بوو لەناو دەچوو. توركیا هەوڵێكی زۆری دا بە گەیاندنی یارمەتی جیاواز بە چەكدارانی داعش كارێك بكات رێگری لە بەهێزبوونی كورد بگرێت، بەڵام ئەمەی پێ نەكرا و پایتەختی داعش لە سووریا هەر لەسەر دەستی كورد رزگار كرا و رووبەرێكی بەرفراوان كەوتە دەستی هێزە كوردییەكان، دەرەنجامێك كە توركیا خەونیشی پێوە نەدەبینی، بۆیە بە بیانووی هەڕەشەی تەناهی بۆ سەر وڵاتەكەی و بیانووی جیاوازتری وەك پرسی ئاوارەكان و كارتێكی گوشار بۆ سەر ئەوروپا، سنوورەكانی بڕی و بەشێك لە ناوچەكانی داگیر كرد.



وشە - سلێمان تاشان