داود ئۆغلو: ئەردۆغان وای كردووە توركیا بە تەنیا بمێنێتەوە

:: PM:05:45:16/09/2020 ‌

بەهۆی سیاسەتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و دەرەوەیشی، رووبەڕووی رەخنەی توندی ركابەر و نەیارانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بووەتەوەن، لەوانە ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا و سەركردەی پارتی موستەقبەلی توركی.
تەنیا ئازەربایجان پاڵپشتی لە توركیا دەكات
وەك رۆژنامەی "ئەحوال"ی ناوخۆیی توركی بڵاوی كردەوە، داود ئۆغڵو بەتوندی هێرشی كردە سەر ئەردۆغان و رای گەیاند، بەهۆی سیاسەتەكانی توركیا لە تەنگژەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە تەنیا ماوتەوە، ئەو رەخنەی لە سیاسەتەكانی حكوومەتی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و گوتی، ئەگەرچی لە تەنگژەكەدا مافی خۆمانە، بەڵام تەنیا ئازەربایجان پاڵپشتیمان دەكات.

زیاتر گوتی، ئەوە مانای وایە كێشەیەك لە دیپلۆماسیەتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا هەیە، سەبارەت بە میسڕیش، ئاماژەی كرد، پێویستە توركیا دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ قاهیرە بكات بۆ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی سنوورەكانی دەریایی نێوانیان لە دەریای ناوەڕاست، چونكە نابێت لەو دۆخەدا پێوەندییەكانمان لەگەڵ میسر بپچڕێنین.  

لای خۆیەوە كەمال كولیچدار ئۆغڵو، سەركردەی پارتی گەلی كۆماری و بەرهەڵستكار بۆ ئەردۆغان گوتی، پێویستە توركیا بە پەلە كار بۆ باشكدرنی پێوەندییەكانی لەگەڵ سووریا و میسڕ بكات و رێككەوتنی پێویستیان لەگەڵدا ساز بكات.

ئەوە لەوكاتەی ئۆرسۆلا فۆن دیر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا توركیای وریا كردەوە لە هەر هەوڵێكی تۆقاندنی دراوسێكانی لە چوارچێوەی ململانێكان لەسەر گاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و روونی كردەوە، راستە توركیا مێوانداری ملیۆنان پەناخواز دەكات كە یارمەتییەكی گەورەی دارایی دەدەین، بەڵام ئەوە نابێتە پاساو بۆ هەوڵی تۆقاندنی دراوسێكانی، مەبەستی یۆنانە، ئەو لێدوانەیش پێش چەند رۆژێك لە كۆبوونەوەی سەرانی ئەوروپا دێت و سەپاندنی سزا بەسەر توركیا، یەكێكە لە دۆسیە گرنگەكانی گفتوگۆی ئەوان.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل