مامۆستایانی ئاینی: ریفراندۆم گرنگ بوو و بێ دەوڵەتی تاریكییە

:: PM:08:45:16/09/2020 ‌

هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەرەو ساڵوەگەڕی ئەنجامدانی ریفراندۆم هەنگاو دەنێن، مامۆستایانی ئاینی سلێمانی باس لەوە دەكەن، ریفراندۆم مافێكی شەرعی گەلی كوردە و بەپێی ئاینی ئیسلام نەبوونی دەوڵەت تاریكییە و هیچ تاریكییەكیش هێندەی نەبوونی دەوڵەت تاریك نیییە.
كاتی هاتووە و مافێكی شەرعییە خاوەن دەوڵەت بین
ئاوات نەقشبەندی، مامۆستای ئاینی لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ، ئەم ئیسلامە بۆیە هاتووە بۆ دەركردنی مرۆڤەكان لە تاریكی و ژێردەستەیی و ناڕەحەتی، بەرەو نوور و رۆشنایی و خۆشی، بۆیە چ تاریكییەك هەیە هێندەی نەبوونی دەوڵەت تاریك بێت.

زیاتر گوتی، وەك كورد 60 ملیۆن كەسین، بەڵام تا ئێستە دەوڵەتمان نییە و بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كراوین، كورد هێشتا ئەو مافەی نییە، لە كاتێكدا زیاتر لە 40 ساڵە خاوەن حكوومەت و قەوارەی خۆمانین و مافی شەرعیی خۆمانە خاوەن قەوارە و دەوڵەت بین.

ئەو مامۆستا ئاینییە روونی كردەوە، پێمان وایە باشترین كار كە كردمان، ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، ئەو ریفراندۆمەی كردمان هەمیشە وەك تاپۆیەك دەمێنێتەوە و لە دەستی كورددایە، هەركات دۆخەكە گونجاو و لەبار بوو، دەتوانین بەو ریفراندۆمە و ئەنجامەكەی دەوڵەتی خۆمان دروست بكەین.

رزگار سەنگاوی، مامۆستایەكی تری ئاینی بە "وشە"ی گوت، كورد گەلێكی ستەملێكراوە، ساڵەهای ساڵە هەرێمە و سەربەخۆ نییە، لە رووی زۆری ژمارەوە كورد كاتی سەربەخۆیی هاتووە كە ئەویش دەوڵەتی خۆی هەبێت.

زیاتر گوتی، لە رووی شەرع و یاساوە كورد كاتی دەوڵەتیبوونیەتی، ئەو ریفراندۆمەی كرا بۆ سەربەخۆیی شتێكی زۆر باش بوو، لە جێگەی خۆی بوو، كاتی ئەوەیش هاتووە حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان لە خەم هاووڵاتییان بن و واز لەو قۆرخكارییە بێنن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل