فەتوایەكی نوێ‌ بۆ سەرجەم دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەرچوو

:: AM:08:53:17/09/2020 ‌
لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان فەتوایەكی نوێی بڵاو كردەوە دەست مایە و كەلوپەلی بازرگانی و سوپەر ماركێت و پێشانگای جلوبەرگ دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئەیلوول، لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان لە نوێترین فەتوای هاتووە، زەكات لە ماڵ و كەلوپەل و كاڵای بازرگانی  وەكو دەست مایەو كەلوپەل و كاڵای دوكان و سوپەر ماركێت و پێشانگەكانی جلوبەرگ و ئۆتۆمۆبیل و.. هتد، هەر كاڵایەكی دیكە كە بە نیەتی بازرگانی كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت ئەركێكی ئاینییە.

لەبارەی مەرجەكانی زەكاتی ئەو شوێنانە لە فەتواكە هاتووە، ئەو كەلوپەلانە بگاتە ئەندازەی زەكات، كە نرخی بیست مسقاڵ زێڕە یان ساڵێكی تەواو بەسەر ئەو ماڵ یان كاڵایانەدا تێپەڕ ببێت یان پێویستە كە ساڵ تەواو بوو بازرگان ئەوەی لە ژێر دەستیدا هەیە لە دوكانەكە یان ماڵە بازرگانییەكەیدا بیقرسێنێ بە نرخی وەخت نەك ئەو نرخەی كە پێی كڕیوە، ئینجا ڕێژەی %2.5 لێ بدات بە زەكات.

روونكراوەتەوە، پێویستە بازرگان پاش تێپەڕبوونی ساڵێكی تەواو زەكاتەكەی بدات لە سەرجەمی نرخی كاڵاكانی دوكانەكە یان ماڵە بازرگانییەكەی ئەوەی هی خۆیەتی یان ئەوەی بەقەرز هێناویەتی، بێ گوێدانە قەرزەكان، چونكە ئەو ماڵەی كە كڕاوە و ئەو ماڵەش كە بەقەرز هێناویەتی لە دوكانەكەیدا هەیە ئەوە هەمووی موڵكی خۆیەتی.

لیژنەی فەتوا باسی لەوەشكردووە، هەر ماڵ و كەلوپەلێك بە قەرز یان بە حازر كڕدرابێت پێش كاتی سوڕانەوەی ساڵی ئەو ماڵەی كە پێشتر هەیەتی، ئەوە زەكات لەو ماڵە نوێیە فەرز نابێت تا ساڵێكی تەواو بەسەر كڕینەكەیدا تێپەڕ نەبێت، واتە ئەو ماڵە نوێیە لەگەڵ ماڵە بازرگانیە كۆنەكەدا جیایە پێكەوە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی عورفی بازرگانی گۆڕاوە و قورسە بتوانێ بۆ هەریەكێك لە ماڵە كۆن و تازەكە هەوڵی جودا هەژمار بكات، بۆیە پێمان باشە تا بكرێت زەكاتی هەردووكیان بە هەژماری كۆنەكە لە یەك كاتدا بدات.





وشە - رامیار جەواد