ڤیدا قادری: كۆمەڵە چیرۆكێكم ئامادەی چاپە كە بەمزووانە چاپ دەبێت

:: AM:09:46:17/09/2020 ‌
لە سەدەی رابردوودا میرزادە خاتوو رەوشەن بەدرخان یەكەم ژنی كورد بووە كاری وەرگێڕانی كردووە، ئێستەیش چەندان ژنی وەرگێڕی بەتوانا هاتوونەتە بوارەكەوە. خاتوو "ڤیدا قادری" یەك لەوانەیە كە جیا لە وەرگێڕان، چیرۆكنووسێكی بەسەلیقەیە و جارجارەش شیعری لیریكی دەنووسێت. جیاوازیی ڤیدا لەوەدایە بە ماوەیەكی زۆر كەم توانی كۆمەڵێك بەرهەمی نایاب وەربگێڕێتە سەر زمانی كوردی و چاپیان بكات. بۆ زیاتر ئاشنابوون بەكار و چالاكییەكانی و چۆنیەتی هاتنە ناو دنیای وەرگێڕان و ئەدەبیاتەوە، دەرگای گفتوگۆمان بۆ واڵا كرد تا خۆی باسی ئەزموون و بەرهەمەكانی خۆی بكات.
خۆشەویستی و شووكردنێكی ناوەخت لە خوێندنی دابڕیم

 ئەو دەڵێ من ڤیدا قادریم و خەڵكی شاری سنەم. لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٩٨٢ لە دایك بووم. دەڵێن تەنانەت لەناو لانكیش بێدەنگ بووم و دایكم هیچ شەوێك بە گریانی من بەئاگا نەهاتووەتەوە. دایكم هەندێ جار دەیكاتە شۆخی و دەڵێت تەنانەت لەناو لانكیش لەبەر بیركردنەوە نەدەگریای. ساڵەكانی سەرەتای ژیانم هاوكات بوون لەگەڵ شەڕی نێوان ئێران و عێراق، هەر ئەوەش وای كرد ترسم لە مەرگ نەمێنێت، ترسم لە دابڕان نەبێت و بەرەوام ئەزموونی ژیان بكەم، ترسم لە لەناوچوونی ماڵ و حاڵ نەبێت و بەردەوام ڕەهای بكەم، پێم وابێت هیچ شتێك بۆ كەس نامێنێت و بوونی شتەكان و كەسەكان تاهەتایی نییە، كەواتە سەرەڕای خۆشویستنی كەسەكان و شتەكانم، هەرگیز توند دەستم پێیانەوە نەگرتووە و دڵم زۆر ڕاگیریان نەبووە. 

ئەوەش دەڵێ، لە سنە گەشەم كردووە و قۆناغەكانی خوێندنم بڕیوە، لە زانكۆ قوتابیی بەشی ژمێریاری بووم، بەڵام خۆشەویستی و شووكردنێكی ناوەخت لە خوێندنی دابڕیم و نەمتوانی خوێندنی زانكۆم بە ئەنجام بگەیەنم. بەڵام دوای دابڕانێكی زۆر ئێستە لە سنە خوێندكاری بەشی وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزیم.

 سەمەرەی خۆشەویستی و شووكردنە بەپەلە و ناوەختەكەم، كوڕێكی 10 ساڵانە بەناوی هێژا كە دوای جیابوونەوەم لە هاوسەرەكەم، بەپێی نەریتی نێرسالارانە و توندوتیژی كۆمەڵگاكەم، لە بینینی بێبەش كرام، هەر ئەوەش تا ئاستێكی زۆر كاری كردووەتە سەر ڕۆحم و سەرەڕای ڕۆحی ڕەهام، هێشتا دەستم لە هێژا بەر نەبووە و بەشێكە لە جەستەم و ناتوانم لە خۆمی بكەمەوە، بۆیە هەمیشە ئەو بەشەی دڵم كە موڵكی هێژایە دەكزێتەوە.
 
ڤیدا ئەوەش دەڵێ، من ژنێكی چیرۆكنووسم، كەی و چۆن هەستم بەوە كرد و چۆن بوو كە شانم دایە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییەی گێڕەرەوە بم، دەگەڕێتە بۆ سەردەمی منداڵی و هەرزەكاریم. خوشكێكی شاعیرم بوو كە بەردەوام ڕۆمانی دەخوێندەوە و هەموو ئەو ڕۆمانانەی ئەو دەیهێنانە ماڵەوە، بە ڕۆحی بەهەڵپەی مندا تێدەپەڕین و سەرەڕای بچووكی تەمەنم، زۆر لە ڕۆمانە باشەكانم لە تەمەنێكی بچووكدا خوێندبووەوە. هەر ئەوەش وایكرد لە كلاسی حەوت یان هەشت دەفتەرێكی چیرۆكم هەبێت و بە لاسایی لەو ڕۆمانانەی خوێندبوومەوە، چیرۆك بنووسم و هەر ئەم دەفتەرەش لەناو قوتابییەكانی خوێندنگەكەم دەست بە دەست بكرێت و بخوێنرێتەوە. 

ئاماژەی دا، هەر ئەمەش وایكرد هەست بكەم چیرۆكنووسم، چیرۆكێكم نووسی و هەوڵم دا بەشداری پێشبڕكێیەكی چیرۆكێكی پێ بكەم كە مامۆستاكەم ڕێی پێ نەدام و لەبەر ناوەڕۆكی چیرۆكەكەم، سەرزەنشتی كردم، هەر ئەوەش وایكرد ماوەیەكی زۆر سڵ لە چیرۆكنووسین بكەمەوە. دواتر بە هاندانی خوشكم و دواتریش هاوسەری پێشووم دەستم بۆ شیعر برد، ئەو هەوڵە چەند لیریكێكی لێ دەرچوو كە لەلایەن هاوسەری پێشوومەوە تێكەڵ بە دەنگ و موزیكیش بوون و بوون بە گۆرانی. دواتر لەبەر خۆشەویستییەك كە بۆ هەندێك لە ڕۆمانەكان هەمبوو، بڕیارم دا دەست بۆ وەرگێڕان ببەم و كتێبە دڵخوازەكانم وەربگێڕمەوە سەر زمانی كوردی، بۆ ئەوەی خەڵكی تریش ئەو سەرسامییەی من بە خوێندنەوەی هەندێ ڕۆمان و چیرۆك ئەزموونم كردووە، ئەزموون بكەن. 

ڤیدا زیاتر گوتی، بۆ دەسپێك چەند ڕۆمانێكم وەرگیڕا، بەڵام هیچیان چاپ نەبوون چونكە وەك یەكەم هەوڵەكان تا ئاستێك كەموكوڕییان تێدا بوو، بۆیە یەكەم كاری وەرگێڕانم بوو بە "زۆر تایبەت لە نووسینی عەباس مەعرووفی" كە لە لایەن دەزگای ڕۆشنبیری ئەندێشەوە چاپ و بڵاو كرایەوە. دواتر ڕۆمانی تواوەی عەباس مەعرووفی و نامە عاشقانەكانی نیما یوشیج و ئەمدواییانەش كۆمەڵە چیرۆكی هاوڕێ خۆشەویستم كاك "خالید رەسووڵپوور"م وەرگێڕا. كاك خالد بە بینینی تێكستە شیعرییەكانم، پێشنیاری ئەوەی كرد دیسانەوە دەست بكەمەوە بە نووسینی چیرۆك، چونكە پێی وابوو دەقە شیعرییەكانم زیاتر لایەنی گێڕانەوەیان تێدا بەهێزە و زمانێكی ڕەوانم هەیە، بۆیە دوای ساڵانێكی زۆر دووبارە دەستم بۆ نووسینی چیرۆك برد.

 یەكەم چیرۆكێك كە چاپم كرد چیرۆكی سێبەر بوو كە لە هەفتەنامەی دیار كوهەن لە سنە چاپ بوو. دواتر پاش گەڕانەوەم بۆ سنە (ماوەی شەش ساڵ لە سلێمانی ژیام) لە زنجیرەیەك كۆڕی چیرۆكنووسین بە سەرپەرشتیاری مامۆستام عەتا نەهایی بەشداریم كرد و هەر بە هاندانی ئەو بەڕێزەش بە چیرۆكی "ڕوئیا" لە 21مین فێستیڤاڵی ئەدەبی گەلاوێژدا بەشداریم كرد و خەڵاتی سێیەمم بەدەست هێنا. ئێستە كۆمەڵە چیرۆكێكم ئامادەی چاپە كە بەمزووانە چاپ دەبێت.

كەركووك/ ستار جەباری



وشە - وشه‌