كاتی ناردنی 320 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرا

:: AM:11:50:19/09/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، ڕێككەوتنی 15ـی ئاب وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت و هیچ كێشەیەكی نییە.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی ئەیلوول، شێروان میرزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە لە 15ـی ئاب ڕاگەیەنرا، وەك خۆی جێبەجێ‌ دەكرێت و بەشێكە لە بودجەی ساڵی 2020.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، ناردنی 320 ملیارەكە بۆ سێ‌ مانگە و لەگەڵ پەسەندكردنی بودجە، ئەوا ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی پڕۆژەیاسای بودجە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

هەر كاتێك عێراق مووچەی خۆی دابەش بكات، ئەوا بەشە مووچەكەی هەرێمی كوردستانیش دەنێرێت
باسی لەوەش كرد، ناردنی ئەو بەشەی ئێستە بەڕێككەوتن بڕیاری لەسەر دراوە، لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی عێراق پێوەستە، هەر كاتێك عێراق مووچەی خۆی دابەش بكات، ئەوا بەشە مووچەكەی هەرێمی كوردستانیش دەنێرێت.

ڕوونی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیە عێراق دەست بكات بە دابەشكردنی مووچە و بەشەكەی هەرێمی كوردستانیش بنێرێت.

لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 15ـی ئاب، ڕێككەوتن كە مانگانە عێراق بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت تا دەگەن بە ڕێككەوتنی كۆتا.



وشە - رامیار جەواد