راپۆرتێك: بوونی پەكەكە مەترسییەكی بەردەوامە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق

:: PM:08:02:20/09/2020 ‌

راپۆرتێكی ئەمەریكا وا لەقەڵەم دەدات كە تا ئێستە ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، كەم نەبووەتەوە، ئەوەیش وای كردووە دووبارە حكوومەتی هەرێم بكەوێتە هەڵوێستێكی سەختەوە.
بەغدا هیچی بەدەستەوە نییە بۆ دەركردنی پەكەكە
لیوا سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری پێشمەرگە لە مەخموور و چیای قەرەچووغ دەڵێت، بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان بۆ خەڵكی ناوچەكە كێشەیەكی بەردەوامە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق جموجۆڵ بكات، ئەو بابەتە لە ناو سنوورەكانە و بەرپرسیارەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام بەداخەوە ئەوان هیچ ناكەن، رەنگە هێزی پێویستیان نەبێت، بە وردی هۆكارەكەی نازانین، تا ئێستە بەغدا هیچ رێگەیەكی بەدەستەوە نییە بۆ دەركردنی پەكەكە، یان هەربوونێكی سەربازی بیانی لەو چیایانەدا.

زیاتر گوتی، كێشەی هێرشەكان و ئەو ناسەقامگیرییەی لە ناوچەكەدا هەیە، نوێ نییە، لە سەردەمی سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشووی عێراق زیاتر لە 4500 گوندی كوردستان وێران كران، بەڵام ئێستە 300 بۆ 400 بەهۆی كێشەی نێوان پەكەكە و توركیا لەسەر سنوورەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئەوەیش مانای وایە خەڵكی ئەو گوندانە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 

سیروان بارزانی روونی كردەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، حكوومەتی عێراق چەند بنكەیەكی پۆلیسی زیاتری لە سەر سنوورەكان كردووەتەوە، ئەوە شتێكی باشە و بەلایەنی كەم بۆ گەیاندنی پەیامێك بۆ توركیا بەوەی ئێمە لێرەین، بەڵام جگە لەوە هیچیتر نەكراوە، ئەوەیش كێشەكان چارەسەر ناكات، هیوای خواست كێشەی نێوان پەكەكە و توركیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بێتە چارەسەركردن و هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق پێوەندیان بەو كێشەوە نییە، جیا لەوەیش پێوەندی نێوان حكوومەتی هەرێم و توركیا باشە و ئەو وڵاتە تاكە دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەوروپاوە، لەوكاتەی راپۆرتەكە دووپاتی كردەوە كە وەبەرهێنان لە ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراق، تا ئاستێكی زۆر پشت بە سەقامگیری ناوچەكە دەبەستێت.  

سەبارەت بە بابەتی شنگال، سیروان بارزانی روونی كردەوە، ئەوان رێگە بە خەڵكەكە نادەن بۆ گەڕانەوە، هێزێكی زۆر لە ناوچەكەدا هەن، لە سوپای عێراق و چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبی، بۆیە ئەوەیش بەشێكە لە ئەركەكانی عێراق و پێویستە ئەوان چارەسەری ئەو كێشە بكەن، كورد لەو ناوچانە دەژی، بەڵام ئەو ناوچانە بەشێكن لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەوان دەكەونە ناو سنووری هەرێمیش، بۆیە ئەوەی روودەدات زۆر خراپە بۆ ئەو خەڵكە هەژارەی ئەوێ، تا ئێستە 80%ی گەلی ئێزیدی لە كەمپەكان و ئاوارەییدان و بەهۆی ئەو پشێویەی هەیە بە دەستی چەكدار و میلیشیاكان، ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق گرنگی زیاتر بەو بابەتە بدات و ئەو كێشە چارەسەر بكات.

ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاماژەی كرد، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، چەندان چەكداری داعش لە هێرشی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانان و پێشمەرگە لە سنووری بەرپرسیارەتی ئەوەوە كوژراون، بەڵام رەخنەی لە بوونی ژمارەیەكی زۆری چەكدار و گرووپی چەكداری جیاجیا لە ناوچەی شنگال گرت، بەوەی نادادوەرانەیە كە لەو ناوچانە هیچ چەكداری داعش و گرووپی تیرۆریستی بوونیان نییە، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو گرووپ و میلیشیایانە، خەڵكی ئەو ناوچانە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.  

سەبارەت بە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كوردستانی رۆژئاوای بە باش لەقەڵەم دا، سیروان بارزانی روونی كردەوە، ئەگەرچی چەند بابەتێك هەیە وەك رێگەنەدان بە هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان، ئەو هێزەی كوردی رۆژئاوا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵانی رابردوو راهێنانیان پێ كراوە، بەڵام نەیانتوانیوە بۆ رۆئاوا بگەڕێنەوە، فەرماندەكەی پێشمەرگە هیوای خواست بگەن بە رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی ئەوان و ئاوارەكانی سووریا كە لە هەرێمی كوردستانن، بۆ ناوچەكانیان، كە تا ئێستە گفتوگۆ لەوبارەوە هەیە.

سیروان بارزانی لەبارەی ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەی رۆژئاوا، كە تا ئێستە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بەهۆی رەتكردنەوەی گەڕانەوەیان لەلایەن پارتی یەكێتی دیموكراتەوە، بە چوار بۆ پێنج هەزار شەڕوان خەمڵاندن، ئەوان لە ریزی پێشوەی بەرەی جەنگ دژ بە داعش بوون، ئەو فەرماندەیە تۆمەتی توركیای رەت كردەوە بەوەی پەیەدە و یەپەگە بەشێكن لە پەكەكە و گوتی، ئەوان بێگومان لە پەكەكەوە نزیكن، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەوان پەكەكەن، ئەگەرچی پێوەندیان بەو حزبەوە نزیك، سیروان بارزانی دووپاتی كردەوە، بە توندی پاڵپشتی لە بەڵێنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بە داماڵینی چەك نایاسایی و هێشتنەوەی بەدەستی دەوڵەتەوە، كە ئەوە گرنگترین شتە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و سەقامگیریی عێراق و داهاتووەكەی، كە بەبێ ئەوە كەس وەبەرهێنان لە عێراق ناكات و ئەوان هێرشیان دەكرێتە سەر.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل