هونەرمەندان سڵاو بۆ رۆحی شەهیدانی بەیرووت دەنێرن

:: AM:09:49:21/09/2020 ‌
هونەرمەندانی بەیرووت تا ئێستە لەگەڵ پرسەی شەهیدەكانیان دەژین كە بەهۆی تەقینەوەكەی سەرەتای مانگی رابردوو لە لبنان رووی دا، بەو بۆنەیەوە ئاهەنگێك بەناوی "سڵاوی موزیك بۆ رۆحی شەهیدەكان" ساز دەكەن.
موزیكی كلاسیك و گۆرانیی فۆلكلۆری لبنانیان لە باخچەی كۆشكی مێژوویی ئەو وڵاتە ساز كرا

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، شەوی رابردوو هونەرمەندانی بواری موزیك و گۆرانی لە لبنان، بۆ رۆحی شەهیدەكانی تەقینەوەكەی بەیرووت ئاهەنگێكی گەورەیان ساز كرد، تێیدا موزیكی كلاسیك و گۆرانیی فۆلكلۆری لبنانیان لە باخچەی كۆشكی مێژوویی ئەو وڵاتە ساز كرد كە بەهۆی تەقینەوەكەوە كۆشكەكە وێران بووە.

لە چواری مانگی رابردوو (ئاب) تەقینەوەیەك لە بیرووتی پایەتەختی لبنان رووی دا و بەهۆیەوە زیاتر لە 190 كەس كوژران و زیاتر لە شەش هەزار و 500 كەس بریندار بوون، جیا لەوەی سەدان هەزار كەسیش ماڵەكانیان بەجێشتووە.

بەڕێوەبەری هونەریی ئاهەنگەكە جان لوی مانجی ئاماژەی داوە، كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەواوی ئاهەنگەكیان گواستووەتەوە كە تێیدا دەیان بەرهەم لە موزیك و گۆرانی پێشكەش كران، هەموو ئەوانە بۆ رۆحی شەهیدەكانی تەقینەوەكەی بەیرووت بوو كە تا هەمیشە لە دڵماندا دەمێننەوە.

ئەوەشی گوت كە لەڕێی رێكخەرانی ئاهەنگەكە داوا لە دانیشتووانی بەیرووت كراوە، هەر خێزانێك لە بەرپەنجەرەی ماڵ و شوقەكانیان، مۆمێك داگیرسێنن وەك رێزێك بۆ رۆحی شەهیدەكانمان.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د