فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له دیدارێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "
ئه‌لحوڕه" باس له ناوه‌رۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ پاریس و وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات و پێوه‌ندی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌خاته ڕوو و بۆچوونی به‌غدایش له‌سه‌ر پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كات.
له دیداره‌كه فوئاد حوسێن ده‌ڵێ، سه‌ردانمان بۆ پاریس و دیدارمان له‌گه‌ڵ ژان ئێف لۆ دریان وه‌زیری ده‌ره‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ردانی ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی فڕه‌نسا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فڕه‌نسا بوو بۆ به‌غدا، جیا له‌وه‌یش سه‌ردانێكی به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپامان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵا له پایته‌ختی وڵاتانی ئه‌وروپا كۆبووینه‌وه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه سه‌ره‌كیترین ته‌وه‌ره‌كانی دیدارمان له فڕه‌نسا بریتی بوو له به‌رده‌وامی هاریكاری ئابووری و ته‌ناهی له نێوان هه‌ردوو وڵات و پشتیوانی زیاتری فڕه‌نسا له دۆخی ئابووری عێراق، كه ئێسته به ته‌نگژه‌یه‌كی ئابووری تێپه‌ڕ ده‌بین، هاوكات تاوتوێی ئاماده‌كارییه‌كانمان كرد، بۆ سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق مسته‌فا كازمی بۆ پاریس كه له مانگی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت.
زیاتر گوتی، كه باسكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته و هاتنی چاودێرانی ئه‌وروپی بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه، تا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره به‌شێوه‌یه‌كی زۆر پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێ و متمانه‌ی نێوان جه‌ماوه‌ر و حكوومه‌ت و حزبه‌كانی سیاسی بگه‌ڕێنێته‌وه، كه پێشتر ئه‌و متمانه‌یه به ته‌واوی ڕوو لاوازبوون كردبوو، هه‌ر بۆیه‌یش گه‌نجان له كاتی خۆپێشاندانه‌كان داواكاری سه‌ره‌كییان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بوو.
تا ئێسته‌یش پابه‌ندی بڕیاره‌كانی لووتكه‌ی عه‌ره‌بین له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل
پرسی ته‌ناهی یه‌كێكی تر بووه له ته‌وه‌ره‌كانی سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ پاریس و وڵاتانی ئه‌وروپا، له‌وباره‌وه فوئاد حوسێن گوتی، ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش بابه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تییه و ته‌نیا پێوه‌ست نییه به عێراقه‌وه، فڕه‌نسایش ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه و هه‌یه له جه‌نگی دژ به تیرۆر، له ڕێی هێزی تایبه‌ت و ناردنی چه‌ك و كۆمه‌كی سه‌ربازی و ئاڵوگۆڕی زانیاری له نێوان داووده‌زگه‌كانی ته‌ناهی و هه‌واڵگری، ئێسته‌یش تیرۆریستانی داعش بوونیان هه‌یه و خۆیان ڕێك ده‌خه‌نه‌وه، بۆیه پێویسته هه‌ماهه‌نگی وردمان له‌وباره‌وه هه‌بێت.
حوسێن هۆشداریشی له‌باره‌ی كه‌مپی ئه‌لهول دا له سووریا كه زیاتر له 70 هه‌زار چه‌كداری و كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشی تێدایه و زۆر به پێویستیزانی كه چاودێری و پاسه‌وانی توندی ئه‌و كه‌مپه بكرێ، چونكه ئه‌مه به ته‌نیا ئه‌ركی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به دروستبوونی كێشه له سیسته‌می پاسه‌وانی و ته‌ناهی كه‌مپه‌كه مه‌ترسی هه‌یه ئه‌و 70 هه‌زار كه‌سه جارێكی تر به ناوچه‌كه بڵاو ببنه‌وه، به تایبه‌ت كه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا، مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه و كه‌مپه‌كه دروستبووه و پێویسته هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه به هه‌ماهه‌نگی ورده‌وه مامه‌ڵه بكه‌ین.
له وه‌ڵامی پرسیاری دروستكردنی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی ئاشتیخوازانه له عێراق، وه‌زیری ده‌ره‌وه گوتی، ئه‌مه پێشنیازی مسته‌فا كازمی بووه، كه له پێناوی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با په‌نا بۆ ده‌سكه‌وتنی وزه‌ی كاره‌با له وزه‌ی ئه‌تۆمی ببرێ و فڕه‌نسایش پشتیوانی بۆ ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌ربڕیوه، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێ كه‌وتووه و ئه‌مه هه‌نگاوێكی ئاسان نییه، سه‌ره‌ڕای ڕه‌زامه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، تێچووهكهیشی ده‌گاته 10 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
له به‌شێكی تری دیداره‌كه فوئاد حوسێن باسی له پێوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و واشنتن كرد و گوتی، له دوا سه‌ردانی كازمی و شاندی عێراق بۆ واشنتن ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه كه پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا له ڕووی ته‌ناهییه‌وه خۆی له بواری مه‌شق پێكردن و چه‌كداركردن و گۆڕینی زانیاری هه‌واڵگری ببینێته‌وه، خشته‌یه‌كی دیارییكراویش دانرا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، نیگه‌رانی خۆیشی له‌سه‌ر دیارده‌ی كاتیۆشاكان و كه‌وتنه خواره‌وه‌ی له نزیك فڕۆكه‌خانه ڕاگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه كه به ئامانجگرتنی فڕۆكه‌خانه‌كان بریتییه له به ئامانجگرتنی ته‌واوی ڕۆڵه‌كانی عێراق، چونكه فڕۆكه‌خانه هه‌موو هاووڵاتییه‌ك پێویستی پێ ده‌بێ و بۆ هه‌مووان و كاتێك ده‌كرێته ئامانجیش هه‌موو جۆره كه‌سێكی له زۆربه‌ی ناوچه جیا جیاكانی عێراق تێدایه.
كازمی داوای كردووه وێستگه‌ی ئه‌تۆمی له عێراق بۆ ده‌سخستنی وزه‌ی كاره‌با دابمه‌زرێنرێت
ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه پرسیارێكی كه‌ناڵی ئه‌لحوڕه بوو له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی عێراق له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ئیماڕات و به‌حرێن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئه‌گه‌ری ڕۆیشتنی عێراق به‌و ئاراسته‌یه، له‌وباره‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌وان چاودێری ئه‌و پێشڤه‌چوونانه‌ی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام عێراق تا ئه‌و ساته‌ی ئێسته پێوه‌سته به بڕیاره‌كانی لووتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه له ساڵی 2012 له به‌غدا به‌سترا، دووپاتیشی كرده‌وه كه ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ستیاره و هه‌ر بڕیارێكیش له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به كۆده‌نگی ده‌رده‌كرێت.
بۆ پرسی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنیه‌تیی ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له نێوان تاران و واشنتن كه هه‌ردوولا له ململانێدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاشكرای كرد، كه به‌غدا پشت به بنه‌مای هاوسه‌نگی له پێوه‌ندییه‌كان ده‌به‌ستێ و به‌رژه‌وه‌ندی جیوگرافیا و ئابووری زۆرمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له نێویشیان ئێران هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش به‌رژه‌وه‌ندی ته‌ناهی و سیاسیمان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا له پێوه‌ندییه‌كی ئاسایی‌دا بین، ناشبێ ناكۆكییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن، عێراق بكات به گۆڕه‌پانی ململانێكان، كار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر بنیاتنانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ڕوانگه‌ی دراوسێیه‌تی باش له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان و هاوپه‌یمانیه‌تی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا.
له كۆتایی قسه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ركۆنه‌ی جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی توركیای له نێو سنووره‌كانی عێراق كرد و گوتی، پێویسته ڕێز له سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگرن و عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تێكی پاشكۆ و شوێنكه‌وتوو نییه.