ریحان حنا: ریفراندۆم رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان

:: PM:05:56:23/09/2020 ‌

لەگەڵ هاتنەوەی سێیەم ساڵوەگەڕی ریفراندۆم و "بەڵێ"ی تەواوی كوردستانییەكان بۆ سەربەخۆیی هەرێم، پێكهاتەكان شانبەشانی دڵسۆزانی كورد یادی ئەو رۆژە مەزنە دەكەنەوە، سەرۆكی لیستی ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ریفراندۆم رۆژێكی مێژوویی بوو و بەشداریان تیایدا كرد. 
سەرۆك بارزانی كەشتییەكە بەرەو كەناری ئارامی دەبات
ریحان حنا ئەیووب، پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری بە "وشە"ی راگەیاند، ریفراندۆم رۆژێكی دیار و مێژوویی بوو بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان كە بەفرەوانی بەشداریمان لەو كەرنەڤاڵەدا كرد، دووپاتی كردەوە، ئەوكات و ئێستەیش سەربازێكین لە ژێر فەرمانی سەرۆك بارزانی و متمانەی تەواومان بەوەیە كە كەشتییەكە بەرەو كەناری ئارامی دەبات، چونكە رێبازی بارزانی، رێگەی رەوایی و دادوەرییە و لەسەری بەردەوام دەبین.

زیاتر گوتی، ریفراندۆم تەنیا بۆ كورد نەبوو، بەڵكو لەو رۆژەدا هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بەشداریان تیایدا كرد و بە "بەڵێ"، دەنگیان دا، چونكە لەگەڵ گەلی كورد هاوچارەنووس و دوارۆژین، جیا لەوەیش هەرێمی كوردستان جیاوازە بەوەی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق، تەنانەت عەرەبیش، دەگرێتە خۆی و بەڵگەیش لەسەر ئەوە لەئامێزگرتنی ئاوارەكانی عەرەبە دوای هێرشەكانی داعش. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل