سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌نگاریا له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی "رۆیته‌رز" دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌و دڵنیایه و بڕوای زۆری به‌وه‌یه كه دۆناڵد تره‌مپ جارێكی تر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ده‌باته‌وه و خولی دووه‌میش له سه‌ركردایه‌تیكردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌مێنێته‌وه.
ڤیكتۆر ئوربان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌نگاریا له لێدوانه‌كه‌ی ئاماژه‌ی داوه، من باوه‌ڕم به پێشبینی و بۆچوونه‌كانمه، هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكاره كه ماوه‌ی 30 ساڵه پۆسته‌كه‌م ماومه‌ته‌وه، به به‌رده‌وامی باوه‌ڕم به پلان و پێشبینیم بۆ ڕووداوه‌كان هه‌بووه و سه‌ركه‌وتوویش بووم له‌وه‌دا.
ئۆربان كه به دیكتاتۆرێكی نوێ له ئه‌وروپا ناوی ده‌برێ ئاماژه‌ی داوه كه پێوه‌ندی تایبه‌ت و زۆر باشی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و كرانه‌وه و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌كانیشمان به‌رده‌وامی ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی كه دووباره هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه و جارێكی تر وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆشكی سپی، من پێشبینیم دروسته و له‌و بڕوایه‌دام كه ئه‌و ده‌بێته‌وه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
من 30 ساڵه حوكم ده‌كه‌م و باوه‌ڕم به پێشبینییه‌كانمه
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌نگاریا به ته‌واوی پشتیوانی خۆی بۆ تره‌مپ له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن ڕاگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه كه دیموكراته‌كان جیهان داگیر ده‌كه‌ن و به داگیركه‌ری مه‌عنه‌وی ناوی بردن و تره‌مپیشی به سیاسیه‌كی به‌هێز و ڕاستگۆ پێناسه كرد.
بڕیاره ڕۆژی سێی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بدرێ، دۆناڵد تره‌مپی كاندیدی كۆمارییه‌كان و جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراته‌كان له كێبه‌ركێی توندان بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و چوونه ناو كۆشكی سپییه‌وه.