میكرۆبێكی ترسناك لە ئەمەریكا دەدۆزرێتەوە

:: PM:06:08:27/09/2020 ‌

بەرپرسان لە ویلایەتی تێكساسی ئەمەریكا وریاییان بە هەزاران لە دانیشتوان ناوچەكە دا لە بەكارهێنانی ئاوی بەلۆعە (لوولە)، ئەوەیش بەهۆی دۆزینەوەی میكرۆبێكی مەترسیدار كە هێرش دەكاتە سەر مێشك و تووشبوو لە هەفتەیەكدا دەكوژێت. 
مرۆڤ تووشی هەوكردنی مێشك دەكات و دەیكوژێت
دەسەڵاتدارانی تێكساس دووپاتیان كردەوە كە ئەو تاقیكردنەوانەی لەسەر ئاوی ناوچەكەدا كراوە، دەری خستووە جۆرێك لە میكرۆبی ئەمیبای تیادایە، ئەوەیش دوای تووشبوونی منداڵێكی شەش ساڵی بە میكرۆبەكە و مردنی بەو هۆیەوە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەك تۆڕی هەواڵی "سكای نیوز"ی بەریتانی گواستییەوە.

بەرپرسانی ئەو ویلایەتە پێیان وایە ئەو میكرۆبە لە شاری یاری ئاوی شارەكە یان لە رێگەی ئاوی بەلۆعەوە چووەتە ناو لەشی منداڵەكە بەناوی (جۆشیا ماكنتایەر)، ئەوەیش وای كرد كە وریایی بدرێتە دانیشتوان بە پێویستی كوڵاندنی ئاو بەر لە خواردنەوەی یان بەكارهێنانی بۆ چێشتلێنان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییەكەی.

هەروەها شارەزایان رێنوێنی ئەوەیان دا بە وەرگرتنی رێوشوێنی تر، وەك هەڵنەمژینی ئاو لەكاتی شووشتنی دەموچاو و لە گەرماودا، هەروەها رێگەنەدان بە منداڵ بۆ یاریكردن بە سۆندەی ئاو بۆ رێگرتن لە چوونەژوورەوەی ئاو بۆ ناو لەشیان، چونكە ئەمیباكە لە رێگەی لووت و دەمەوە لەكاتی مەلەكردن دەچێتە ناو لەش.

ئەمیبای نێجلیری "Naegleria Fowleri"، ناسراو بە مێشك خۆرە، لە هەموو ناوچەكانی دنیا بوونی هەیە، دەستەی ناوەندەكانی كۆنترۆڵی نەخۆشییەكان و خۆپارێزی لە ئەمەریكا ئاماژە كردووە كە زۆرینەی تووشبوونەكانی ساڵانی رابردوو لە ئەمەریكا بەو میكرۆبە بەهۆی ئاوی پیسەوە بووە، ئەو لە رێگەی لووتەوە دەچێتە ناو لەش و دەگاتە مێشك و تووشی هەوكردنی دەكات و كەسەكە دەكوژێت، لە نیشانەكانی تووشبوون بە میكرۆبە، تا و هیڵنج و رشانەوە و رەقبوونی مل و سەرئێشە و زۆرجار تووشبوو لە ماوەیەك هەفتەیەكدا دەمرێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل