کەنار تەها: ژنان ئاستەنگی زۆریان لە بواری موزیکدا بۆ دروست دەبێت

:: PM:04:43:30/09/2020 ‌
کەنار تەها هونەرمەندی موزیکژەن، باس لە ئەزموونی هونەری خۆی دەکات و دەڵێ، لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەگەر ژنان پاڵپشتییان نەبێت، ئاستەنگی زۆریان لە بواری موزیکدا بۆ دروست دەبێت
هاوسەرەکەم گەورەترین پاڵپشتم بووە

ئەمڕۆ چوارشەم 30 ئەیلوول، کەنار تەها، خانمە موزیکژەنی کورد لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" گوتی، بواری موزیک  بۆ ئافرەت زۆر قورسە و چەندان ڕێگری بۆ دێتە پێش،  بەتایبەت ئافرەتی کورد ئەگەر کەسێک نەبێ پشگیری بکات، ئەوا ناتوانێ بەتەواوەتی بگات بە ئامانج و ئاواتەکانی خۆی لەو بوارەی کە خۆی تیادا دەبینێتەوە، من هاوسەرەکەم پاڵپشتی تەواوی کردووم لە هونەرەکەمدا.

کەنار لە بارەی هونەری گۆرانی گوتنیش ئاماژە بەوە دەدات، جگە لەوەی موزیکژەنم، گۆرانیش دەلێم ، ماوەی سێ ساڵە دەستم کردووە بە گۆرانی گوتن، ئەوەش حەزێکی خۆم ببوە و ھەستم کردووە پێویست بووە کە گۆرانیبێژی ئافرەتمان زۆر بێت لە ھەموو ستایلەکانی گۆرانی گوتن.

"لە ئێستادا بەنیازم گۆرانییەک تۆمار بکەم بە شێوەزاری کرمانجی، بەڵام دەستمان نەکردووە بە ئامادە کردنی، تا ئێستەیش كۆمەڵێك گۆرانیم تۆمار کردووە" کەنار تەها وای گوت.

هونەرمەند کەنار تەھا لەدایکبووی شاری سلێمانییە و دەرچووی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی سلێمانییە و بەشی موزیکی تەواو کردووە، ئیستا ئەندامە لە دەستەی دامەزرێنەری گرووپی موزیکی لوڕ، ژەنیاری ئامێرەکانی تارباس و سێتار و سێتار باسە و خاوەنی ئەلبومێکی گۆرانییە بەناوی "ڕازونیاز" لەگەڵ چەند ڤیدیۆ کلیپێک.

هەولێر/ پەریهان عومەر


وشە - هیدایه‌ت جان