بەهۆی پێدانی نمرەوە مامۆستایەك داوای سەرجێی لە قوتابییەكی دەكات

:: PM:06:07:04/10/2020 ‌
شنیار ناوی خوازراوی کچێکی دانیشتووی یەکێك لە شارۆکەکانی هەرێمی کوردستانە، کاتێک لە قوتابخانە بوو مامۆستایەکی پێوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ دروست کردووە، تا گەیشتووە بەو ڕادەیەی داوای پێوەندیی سەرجێیی لەگەڵ کردووە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە ئەو مامۆستاخە خێزاندارە و منداڵیشی هەیە.

شنیار کچێکی زیرەک و قوتابییەکی لێهاتوو بووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا بوو کاتێک چووەتە قوتابخانەی ئامادەیی و لە یەکێک لە قوتابخانە تایبەتەکان دەیخوێند، لە سەرەتای ساڵی خوێندنیدا مامۆستایەکی پیاویان بۆ هاتووە کە تەمەنی لە دەوروبەری 30 ساڵان بووە، لە وانەی ئەو مامۆستایەیدا وەک هەموو وانەکانی تر زیرەک بووە و بە باشی ئەرکەکانی ماڵەوەی جێبەجێ کردووە، وەک خۆی بۆ "وشە"ی باس کرد، قوتابییەکی گوێگر و بێدەنگ بووە.

ئەو مامۆستا نوێیەی شنیار ناوی هەژار بوو، سەرەتاکان وەک هەر قوتابییەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ شنیار کردووە، بەڵام شنیار دەڵێ، پاش ماوەیەک هەستم کرد مامۆستا هەژار بە شێوەیەکی سەیر سەیرم دەکات و لە پۆلدا بەردەوام سەرنجی لەسەرمە، تا گەیشت بەوەی هاوپۆلەکانم هەستیان پێ کرد و توانجیان لێ دەدام، بەڵام گوێم پێ نەدەدا و دەمگوت مامۆستایەک لەو تەمەن چیی داوە لە من؟.

شنیار دەیزانی خێزانەکەی قبووڵی ناکەن خۆشەویستی بکات
ماوەیەک بەسەر خوێندنی وەرزی یەکەمی ئەو ساڵەی خوێندن تێپەڕی و شنیار هەر بە ئاسایی لە سەرنج و سەیرکردنەکانی مامۆستاکەی ڕوانیوە، دەڵێ: کاتی تاقیکردنەوەکانمان بوو، ڕۆژی تاقیکردنەوەی وانەی مامۆستا هەژار من زۆر نەخۆش بووم، بۆیە زۆر بە بێئاگایی و خراپی وەڵامم دایەوە، کەچی کاتێک نمرەمان وەرگرتووە سەیر دەکەم مامۆستا لە نمرەی زۆرینەی هاوپۆلەکانم زیاتری بۆ دانابووم، منیش بەم ڕەفتارەی زۆر خەمبار بووم و تووشی دڵەڕاوکێ بووم.

نزیکەی کۆتایی ساڵ بووە، ڕۆژێک یەکێک لە هاوڕێکانی شنیار بە پێکەنینەوە پێی دەڵێ، ها شنیار بەختت جووڵاوە، شنیار دەڵێ، بەو قسەیەی هاوڕێکەم تووشی شۆک بووم و گوتم چی بووە؟، گوتی، مامۆستا هەژار منی ناردووە پێت بڵێم کە خۆشی دەوێی، لەگەڵ ئەو قسەیە پلەی گەرمیی جەستەم بەرز بووەوە و خەریک بوو لە ترسا ببوورێمەوە، تەنیا ئەوەندەم بە هاوڕێکەم گوت، بە مامۆستا هەژار بڵێ من ئەو شتانە ناکەم؛ دوای ئەوە هێندە بێزار بووم ویستم ڕاستەوخۆ تەرکی خوێندن بکەم.

شنیار درێژەی بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بۆ "وشە" دا و گوتی، ئەو ساڵە هەرچۆنێک بێ خوێندنم تەواو کرد، بەڵام لەناو پشووی هاوین نیوەڕۆیەکی ژمارەیەک لە ڤایبەر نامەی بۆ ناردم، کە نامەکەم کردەوە بینیم مامۆستا هەژارە، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، گوتی: دەمەوێ بە تەلەفۆن قسە بکەین، منیش دەرفەتێکم دۆزییەوە و قسەم لەگەڵ کرد، یەکەم شت گوتی: ژمارەکەتم لە هاوڕێکانت وەرگرتووە.

لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، شنیار و مامۆستاکەی زۆریان قسە کردووە، لەو کاتەدا بە شنیاری گوتووە کە هاوسەرگیریی نەکردووە و شنیاری خۆشدەوێت و دەیەوێ هاوسەرگیریی لەگەڵ بکات، شنیار دەڵێ: من گوتم جارێ وا زوو هاوسەرگیری ناکەم، خوێندنم لەپێشە، بەڵام ئەو وازی نەهێنا و بەردەوام هەر داوای خۆشەویستیی منی دەکردەوە، منیش لە شەرمدا نەمدەتوانی وەڵامی پێوەندییەکانی نەدەمەوە تا تەواو هۆگری بووم و ڕۆژێک ئاگام لێی نەبووایە بێتاقەتی دەبووم.

شنیار دەیزانی خێزانەکەی قبووڵی ناکەن خۆشەویستی بکات، بۆیە زوو داوای لە مامۆستاکەی کردووە بێتە داوای و هاوسەرگیریی لەگەڵ بکات، مامۆستا هەژاریش چەند مەرجێکی بۆی داناوە و گوتوویەتی کە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە پێویستە یەک ببینن، شنیاریش بەمە ڕازی بووە و داوای کردووە لە شوێنێکی گشتی یەک ببینن، بەڵام مامۆستاکەی گوتوویەتی لە شوێنێکی چۆڵ یەک ببینین باشترە.

شنیار دەڵێ: من زۆر ترسام بەتەنیا بچمە شوێنێکی چۆڵ، بۆیە مامۆستا کە هەستی بە ترسەکەم کرد، گوتی خەمت نەبێ من دەتپارێزم، ئیتر منیش ڕازی بووم و چووینە خانوویەکی چۆڵ بەتەنیا، هەر کە چۆڵێتی ماڵەکەم بینی ترس زیاتر دایگرتم، ئەویش وردە وردە لێم نزیک بووەوە و دەستی بە قسەکردن کرد، ویستی دەستم بۆ نزیک بکاتەوە، من یەکسەر کشامەوە، وتی: شێتی تۆ بووم و دەمەوێ سەرجێییم لەگەڵ بکەیت، منیش بە هەموو هێزی خۆم قیژاندم، مامۆستاکەشم ترسا و وتی بەس بێدەنگ بە هیچ ناکەم، ڕاستەوخۆ لە ماڵەکە هاتمە دەرەوە و بە تاکسییەک چوومەوە ماڵەوە.

لەدوای ئەم ڕووداوە شنیار هەموو پێوەندییەکانی لەگەڵ مامۆستاکەی پچڕاند، بەڵام دەڵێ: سەختترین شت ئەوە بوو کە بۆم دەرکەوت مامۆستا هەژار نەک هاوسەرگیریی کردووە، بەڵکو دوو منداڵیشی هەیە و ئەو هەموو بەڵێنە درۆیەی بە من دا، بۆیە بەپەلە خۆم لە ئەو و قوتابخانەکە و هاوڕێکانیشم دوور خستەوە و بۆ ساڵی داهاتوو قوتابخانەم گۆڕی، ئێستە ئاگام لە هیچیان نییە و هیوادارم هەرگیزیش چارەی مامۆستاکەم نەبینمەوە، تەنیا سوپاسی خوا دەکەم کە بە سەلامەتی لەو حاڵەتە ڕزگارم بوو و خۆم و خێزانەکەشمم تووشی کێشە نەکرد.

ئامادەکردنی/ دیدار سابیر



وشە - ڕێناس شابان