بڕیاره سبه‌ی شوێنێكی كولتووری نوێ كه پێكهاتووه له كتێبخانه و كافێیهكی كولتووری به‌ناوی "خانه‌ی ئاشتی" له هه‌ولێر بكرێته‌وه.
هاتنى هاووڵاتییان ئاماژه‌ى بایه‌خدانه به كتێب و كولتوور و ڕۆشنبیری ده‌بێت
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 14ی تشرینی یه‌كه‌م، ئاشتی شێركۆ به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌كه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "له رێوڕه‌سمێكی شایسته به كتێب و ڕۆشنبیری له شاری هه‌ولێر، خانه‌ی ئاشتی ده‌كرێته‌وه، هاتن بۆ هه‌موو هاووڵاتییان ده‌بێت و ئاماژه‌ی بایه‌خدانه به كتێب و كولتوور و رۆشنبیریش".
زیاتر گوتی، "له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كۆڕ و چالاكی جیاوازمان ده‌بێت و ئیبراهیم هه‌ورامی ئاماده‌ی ده‌بێت بۆ ناساندنی تازه‌ترین كتێبی شیعری، له‌گه‌ڵ نه‌جات و نالی كوڕی بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند پارچه شیعرێك به یاوه‌ری تیپی موزیكی هه‌ولێر".
ڕوونی كرده‌وه، "سبه‌ی پێنجشه‌م 15ی تشرینی یه‌كه‌م، سه‌عات چواری عه‌سر كتێبخانه و كافێی كولتووری خانه‌ی ئاشتی ده‌كرێته‌وه".
جێی ئاماژه‌یه له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا له شاری هه‌ولێر چه‌ند خانه‌یه‌كی چاپی كتێب و ناوه‌ندی كولتووری و هونه‌ری كراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش هاوكاته له‌گه‌ڵ بوونی دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپی دۆخی ئابووری له عێراق و ناوچه‌كه‌دا.
خانه‌ی ئاشتی له شاری هه‌ولێر ماوه‌ی 28 ساڵه كار ده‌كات و چالاكیی هونه‌ری و كولتووریی به‌رده‌وامی هه‌بووه، له‌و ماوه‌یه‌دا تا ئێسته 25 كتێبی تایبه‌ت بهخانهكهیان چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه.