ئەمساڵ هیچ ڕێوڕەسمێكی مانگی مەولوود بەڕێوە ناچێت

:: PM:02:32:17/10/2020 ‌
بڕیار دراوە ئەمساڵ هیچ ڕێوڕەسمێكی مەولوود لە شاری هەولێر بەڕێوە نەچێت و مامۆستایەكی ئاینیش دەڵێت، دوای 400 ساڵ بۆ یەكەمجارە ئەو بۆنەیە ڕاگیرا و ئەنجام نادرێت.

ئەمڕۆ شەموو 17ـی تشرینی یەكەم، مەلا محەمەد مەلا ساڵح مامۆستای ئاینی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سەرپەرشتیارانی مەولوود لە هەولێر كۆبوونەوە و بە تێكڕای دەنگ بڕیار درا ئەمساڵ هیچ مەولوودێك لە هەولێر بەڕێوە نەچێت.

بۆ پاراستنی باری تە‌ندورستی لە‌ پە‌تای كۆرۆنا‌ هیچ جۆرە‌ رێوڕەسمێك بەفەرمی ئەنجام نادرێت
ئەو مامۆستایە گوتی، مەلوود لە یادكردنەوەی سەری ساڵی كۆچی، یەكێك لەو بۆنانەی 400 ساڵە لە هەولێر یادی دەكرێتەوە، بەڵام لەبەرچاوگرتنی تەندروستی گشتی ئەو یادە بۆ یەكەمین جارە  دەوەستێت.

فوئاد ئەحمەد سەرپەرشتیاری قورئانخوێنانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی فێستیڤاڵی مانگی مەولوود بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ كۆبوونە‌وە‌ی لیژنە‌ی فێستیڤاڵی مانگی مەولوود پارێزگای هە‌ولێر بەڕێوە چوو و  بڕیار درا بۆ پاراستنی باری تە‌ندورستی لە‌ پە‌تای كۆرۆنا‌ هیچ جۆرە‌ رێوڕەسمێك بەفەرمی ئەنجام نادرێت.

باسی لەوەش كردووە، بە‌داخە‌وە‌ بۆ ئەو بڕیارە‌ كە‌ بە‌ ناچاری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان بوو و هیچ لایەنێك پێی خۆش نەبوو.




وشە - رامیار جەواد