ئاگربەستی کاتیی لە قەرەباخ وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە

:: AM:10:28:18/10/2020 ‌
لە شەوی رابردووەوە ئاگربەستی کاتیی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان راگەیەنراوە، بەڵام هەردوو لایەن یەکتر بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.

شوشان ئیستپانیان گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا، ئازەربایجان بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، هێزەکانی قەرەباخ لە سنوورەکانیان چوار تانکی ئازەربایجانیان تێک شکاندووە کە ویستوویانە هێرش بکەن.

ئەو ئاماژەی داوە لە میحوەری باشوور دوژمن بۆ هێرشکردن سوود لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وەردەگرێت و هاوکات تۆپخانەکانیشی لە ئامانجگرتنی خاکی قەرەباخ بەردەوامن.
مەبەستیش لەم ئاگربەستە ئەوە بووە بتوانرێت یارمەتی مرۆیی بە لێقەوماوان بگەیەنرێت.

بەگوێرەی سپوتنیک ئەمە لە کاتێکدایە لە شەوی رابردووەوە ئاگربەستی کاتیی لە نێوان هەردوو لایەنی جەنگ ئەنجام دراوە و مەبەستیش لەم ئاگربەستە ئەوە بووە بتوانرێت یارمەتی مرۆیی بە لێقەوماوان بگەیەنرێت.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئازەربایجانیش ئەرمینیای بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە و گوتوویەتی دوژمن دەستی بە هێرش کردووەتەوە و ئەوانیش ناچار بوون وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە، هەرچەندە هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە رووسیا بەڕێوە چوو، هەردوو لایەن بڕیاری ئاگربەستیان راگەیاندبوو، بەڵام جێبەجێیان نەکرد و ئەو ئاگربەستەش کە شەوی رابردوو راگەیەنرا پێوەندی بە هەمان رێککەوتن هەیە.

لە 27ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە جەنگ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستی پێ کردووە و بە سەدان کەس لە یەکتریان کوشتووە و ژمارەیەکی زۆری باڵەخانە و شوێنی گشتیش خاپوور کراون.


وشە - سلێمان تاشان