سەرۆكی حكوومەت لەبارەی مووچە بڕیارێكی دەركرد

:: PM:02:39:18/10/2020 ‌
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕای دەگەیەنێت، مینحەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی كە هیچ مووچەی تریان نییە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی بژێوی ژیان و گوزەرانی زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی تەنیا لە مینحەی زیندانیانی سیاسی سوودمەندن و هیچ مووچەی تریان نییە و بەهیچ شێوەیەكی تر سوودمەند نین لە داهات و گەنجینەی حكوومەت، مینحەكانیان بەردەوام دەبێت.

مینحەی زیندانیانی سیاسی دوای ماوەی 10 ساڵ، ئەوانەی كە هیچ مووچەیەكی تریان نییە بەردەوام دەبێت 
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان باسی لەوەش كردووە، بەپێی فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەرجكردنی مینحەی زیندانیانی سیاسی دوای ماوەی 10 ساڵ، ئەوانەی كە هیچ مووچەیەكی تریان نییە بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، ئەو مینحەیە بە مەرجێكە دواتر لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هاوئاهەنگی لایەنە پێوەندیدارەكان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە  و بەخشین و ماف و ئیمتیازەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان- عێراق پێداچوونەوە بە لیستی ناوەكان بكرێت و پشتڕاستی شایستەبوونیان بكرێتەوە و كەسانی ناشایستە دیاری بكرێن تا كاری پێویست ئەنجام بدرێت بە ئامانجی بەدیهێنان و پێڕەوكردنی دادپەروەری.



وشە - رامیار جەواد