"تا ئێستە بەرپرسانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان هەڵنەبژێردراون"

:: AM:11:34:21/10/2020 ‌
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ساڵێك بەسەر كۆنگرەی سەندیكای پارێزەران تێدەپەڕێت، هێشتا هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی لقەكان و سەرۆكی سەندیكا نەكراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی یەكەم، ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی ئەندامان بۆ كۆنگرەی سەندیكای پارێزەران بەڕێوە چوو، بەڵام تا ئێستە سەرۆكی لق و ژوورەكان و سەرۆكی سەندیكا هەڵنەبژێردراون.

ئەو ناڕەزایەتییەشمان گەیاندووەتە سەرۆكی سەندیكا كە پێویستە كارەكانی كۆنگرە تەواو بكرێت
سەرۆكی لقی هەولێر گوتی، وەك لقی هەولێر ناڕەزایەتیمان هەیە و ئەو ناڕەزایەتییەشمان گەیاندووەتە سەرۆكی سەندیكا كە پێویستە كارەكانی كۆنگرە تەواو بكرێت.

باسی لەوەش كرد، بەهۆی بوونی كێشەی سیاسی و ململانێی حزبی تا ئێستە كارەكانی كۆنگرە تەواو نەكراون بۆیە پێویستە كە خۆمان پارێزەرین و یاسا دەپارێزین و پێڕەوی یاسا دەكەین، خۆشمان پابەندی یاسای سەندیكای پارێزەران بین و پێڕەوی بكەین.

ساڵی ڕابردوو كۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرەی سەندیكا كرا و ئەو كەسانەی پاڵوێراون بۆ سەرۆكی سەندیكا بریتی بوون لە ئومێد عەبدولسەلام و ئاراس سابیر و موحسین فەرەج و ئەیاد ئیسماعیل و دارا حوسێن و پەرێز نەجمەدین و سالار سلێمان و گۆڤەند فەتحی و سامی ئیبراهیم و بەختیار حەیدەر و ئەحمەد فوئاد و حەوێز تاهیر و سیروان حەسەن و بژار ئەكرەم و ئاری جەزا و سەفین یاسین و جەنگی عەزیز و سوڵتان رۆستەم و هێمن محەمەد.

لە ساڵی 2014 كۆنگرەی سەندیكا پارێزەرانی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام درا، بەپێی یاسای یەكێتی و ڕێكخراو و سەندیكاكان، پێویستە كۆنگرە هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت.



وشە - رامیار جەواد