بەغدا ناوی شەش زانكۆی هەرێمی كوردستان لە رێبەری وەرگرتنی قوتابیان زیاد دەكات

:: PM:12:26:21/10/2020 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ناوی شەش زانكۆی هەرێمی كوردستان لە ڕێبەری وەرگرتنی خوێندنی باڵا زیاد دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی یەكەم، دكتۆر نەجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ددانپێدانانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە چەند زانكۆیەكی هەرێمی كوردستان ئێستە قوتابیان دەتوانن بچنە زانكۆكانی شارەكانی تری عێراق درێژە بەخوێندنی باڵا بدەن.

بە فەرمی ناوی شەش زانكۆی هەرێمی كوردستانی لە رێبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیانی زانكۆكانی عێراق زیاد كردووە
ڕوونی كردەوە، ئێستە قوتابیمان هەیە دەستی كردووە بە خوێندن لە زانكۆكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق بە فەرمی ناوی شەش زانكۆی هەرێمی كوردستانی لە رێبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیانی زانكۆكانی عێراق زیاد كردووە.  

ناوی زانكۆكانی خوێندنی باڵای عێراق زیادی كردووە بۆ لیستی خوازیارانی خوێندنی باڵا، بریتین لە زانكۆكانی سۆران و كوردستان و زاخۆ و راپەڕین و هەڵەبجە و پۆلیتەكنیكی هەولێری دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2019  لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ددانیان پێدا نرابوون.



وشە - رامیار جەواد