سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر کرد

:: PM:02:19:21/10/2020 ‌
سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە كونسوڵی ژاپۆن كرد و بەیەکەوە کۆ بوونەوە، كونسوڵی ژاپۆن دووپاتی لە ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی تشرینی یەكەم، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو ناگایاما یوشیكۆ كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر كرد.

كونسوڵی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆشی بەو سەقامگیرییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە ڕاگەیاند
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی كردنەوەی نووسینگەی كونسوڵگەی ژاپۆن لە شاری هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی ژاپۆن خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.

هەر لەو دانیشتنەدا كونسوڵی ژاپۆن وێڕای دەربڕینی ڕێزی خۆی بۆ گەلی كوردستان، دووپاتی لە ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەروەها بەشداری لە پرۆسەی گەشەسەندن و ئاوەدانكردنەوە كردەوە. 

كونسوڵی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆشی بەو سەقامگیرییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە ڕاگەیاند، پیرۆزبایی ڕێككەوتنی شنگالی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ كرد. تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.



وشە - رامیار جەواد