وەزارەتی دارایی مووچەی شوێنێكی ڕاگرت

:: AM:10:19:22/10/2020 ‌
پەرلەمانتارێك ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی كاری بەردەوامی قاچاخ لە دەروازەی باشماخ، وەزارەتی دارایی مووچەی بەرپرسی ئاسایشی مەرزەكەی ڕاگرتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی تشرینی یەكەم، دابان محەمەد پەرلەمانتاری كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی دارایی پارەی لیوا مەریوان و ئاسایشی كۆمەڵگەكەی چەند مانگێكە راگرتووە.

رێیەكمان پێشان بدەن كاری قاچاغ كۆنترۆڵ بكەین 
باسی لەوەش كردووە، وەزارەتی دارایی راشكاوانە پێیان گوتوون، قاچاغ كۆنترۆڵ ناكەن، رێیەكمان پێشان بدەن كاری قاچاغ كۆنترۆڵ بكەین، لە قاچاغ زیاتر لە باشماخ سەرانە وەرگرتن هەیە، دوو مریشكت پێ بێت دانەیەكیان لێ وەرگرتوویت.

ڕوونی كردووەتەوە، بار هەیە ئاسانكاری بۆ كراوە و لە ئێرانیش گومرگی ناكەن، هەموو بەڵگەكانمان بەوردی لەسەر دەروازەكان بە داواكاری گشتی داوە.

لە كۆتایی نووسینەكەی ئەوەشی باس كردووە، ئەو قسانەی لەسەر قاچاغ لە دەروازەكە دەكرێت، هەمووی ڕاستە، بێتە سەر گوتن لەشكرێك خەڵكی بەرپرس هەن، سومعەی خۆیان و حزب و پێگەی حزبی و بنەماڵە و عەشیرەتەكانیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

ماوەی دوو ڕۆژە چەندان بەڵگە لەسەر قاچاغی دەروازی باشماخ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە باس دەكرێت، دواجاریش هێنانی سەروپێ‌ بووە لەو دەروازەیە.



وشە - رامیار جەواد