عێراق هاوردەی هەنار قەدەغە دەكات و بازاڕ بۆ هەناری كوردستان خۆش دەبێت

:: AM:11:45:22/10/2020 ‌

 

عێراق هاوردەكردنی هەناری قەدەغە كرد و گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، ئەو بڕیارە زۆرباشە و بازاڕ بۆ هەناری كوردستان خۆش دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی تشرینی یەكەم، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی هەناری دەركرد.

ئەوەیش بۆ خۆشكردنی بازاڕی هەناری ناوخۆ
حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دەمێكە ئێمە بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هەنارمان داوە، ئەوەیش بۆ خۆشكردنی بازاڕی هەناری ناوخۆ.

باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارەی عێراق زۆر باشە و بۆ بازاڕی هەناری كوردستان باشتر دەبێت، چونكە بێگومان پێشتر هەناری میسری و سووری دەهێنرایە عێراق و بەشێكیشی بۆ كوردستان دەگوزرایەوە.

ڕوونی كردەوە، بەو بڕیاڕە هەنار نرخێكی باشی دەبێت و جووتیارانی كوردستان باشتر بەرهەمەكەیان ساغ دەكەنەوە.

ئێستە وەرزی پێگەیشتنی هەنارە لە هەرێمی كوردستان و بڕیاریشە لە كۆتایی ئەم مانگە چوار پێشانگای بچووك و گەورە لەسەر پێشاندانی بەرهەمی هەنار لە شارەكان بكرێنەوە. 


 



وشە - رامیار جەواد