پەرلەمانتارێك: زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراق هەیە

:: PM:07:41:22/10/2020 ‌

ئێستە عێراق بە تەنگژەیەكی قووڵی داراییدا تێپەڕ دەبێت، كە وای كردووە كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی دروست ببێت، لەو ناوەدا ئاماژە بۆ بوونی گەندەڵییەكی گەورە لە هەموو كەرت و كایەكانی دەوڵەت دەكرێت، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە عێراق تاكە دەوڵەتە ژمارەی فەرمانبەرانی نازانێت.
زانینی ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەران قەبارەی گەندەڵی ئاشكرا دەكات
نەدا شاكر ئەندامی فراكسیۆنی "نەسر" لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، عێراق تاكە دەوڵەتە لە دنیا ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی نازانێت، هۆكاری ئەوەیش بوونی گەندەڵییەكی گەورەیە لە پرسی مووچەی فەرمانبەران.

زیاتر گوتی، لە دنیادا نییە دەوڵەتێك مووچە بدات و ژمارەی فەرمانبەرانی نەزانێت، تەنیا لە عێراق ئەوە هەیە، بەهۆی بوونی گەندەڵییەكی گەورە لە پرسی مووچەی فەرمانبەران، كاتێك فەرمانبەر هەیە زیاتر لە سێ مووچە وەردەگرێت، ئەوەیش وا دەكات رێگری لە ئاشكراكردنی ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بكرێت، چونكە ئاشكرابوونی ژمارەی راستەقینە، قەبارەی گەندەڵی ئاشكرا دەكات.

شاكر روونی كردەوە، زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق هەن، كە ئەو ژمارەیە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

پێشتر خالد بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق ئاشكرای كردبوو كە ژمارەی فەرمانبەرانی دەوڵەت نازانن، ئاماژەی كرد، باسی دەوڵەتێك دەكەم كە من وەزیری پلاندانانم تیایدا و ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی نازانم، تەنانەت وەزیری داراییش ژمارەی فەرمانبەران نازانێت. 

https://baghdadtoday.news/ar/news/135382/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-600-%D8%A3%D9%84%D9%81-%D9%81%D8%B6%D8%A7%D8%A6%D9%8A-%D8%A8%D8%AF%D9%88



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل