ئەمڕۆ شەش هەزار گەشتیار هاتوونەتە سۆران

:: PM:02:37:23/10/2020 ‌

دەڤەری سۆران بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای و هەبوونی رێژەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری، ساڵانە هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و كوردستان بە مەبەستی بەسەربردنی كاتی خۆش، روو لە  ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەرەكە دەكەن.

ناوچە گەشتیاریەکانی دەڤەری سۆران لەسەر ئاستی کوردستان و تەنانەت عێراقیش ناسراون، وەک گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ، جووندیان، خەرەند، کۆڕەک تەلەفریک، رێزان، سەکران، دۆڵی ئاڵانە، پڕژێ، حەسەن بەگ  و ئەمانە و چەندان ناوچەی تری گەشتیاری. دەڤەری سۆران لە 30%ی ناوچە گەشتیاریەكانی عێراق و كوردستان پێكدێنێت هەروەها 80%ی ناوچە گەشتیاریەكانی هەموو پارێزگەی هەولێر پێكدێنێت، تەنیا لە ساڵی 2019 یەك ملیۆن گەشتیار و سەردانی ناوچە گەشتیاریەكانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمانیان كردووە.

ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی چەند مانگێک قەدەغەی هاتوچۆ دۆخی گەشتیاریش وەک تەواوی کەرتەکانی تر پەک خستبوو، بەڵام دۆخە ئاسایی بووەتەوە و بەرپرسی گەشت و گوزاری سۆران دەڵێ، رۆژانە هەزاران گەشتیار روو لە دەڤەری سۆران دەکەن.

گەشتیارەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و عێراقەوە هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکان

ئەمڕۆ هەینی 23ی ئۆکتۆبەر، بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخی گەشتیاری بە ئاڕاستەیەك تێکچوو كە هیچ ساڵێك وەك ئێستە نەبووە، بەڵام ماوەی چەند هەفتەیەکە دۆخەکە تاڕادەیەک ئاسایی بووەتەوە.

بەرپرسی گەشت و گوزاری سۆران دەڵێ، ئەمڕۆ نزیکەی شەش هەزار گەشتیار روویان لە هەریەك لە ناوچەی گەلی عەلیبەگ، بێخاڵ، جووندیان، گەلی ئاكۆیان، دۆڵی ئاڵانە، وەرتێ، دۆڵی مەلەكان، شنگلبانە و چەند شوێنێكی تر پڕن لە گەشتیار و رۆژانی هەینی سەرووی پێنج هەزار گەشتیار روو لە دەڤەری سۆران دەكات.

دووپاتی کردەوە، گرووپە گەشتیاریەکان ھەفتەی سێ ڕۆژ بە بەردەوامی گەشتیار دێننە کوردستان و دەڤەرەکەمان بەشێوەیەک رۆژانە 70 پاسی پڕ لە گەشتیار دێننە ناوچە گەشتیاریەکان، بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژانە سێ ھەزار گەشتیار و ڕۆژانی ھەینییش نزیکەی شەش ھەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیاریەکانی دەڤەری سۆران دەکەن.

هەر چوار شارۆكەی سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر هەشت هۆتیل و چەندان مۆتیلی هەیە، هەروەها چەندان خانووی گەشتیاری و سێ كۆمەڵگەی گەشتیاری بوونی هەیە،  بەگشتی زیاتر دوو هەزار و 500 كەس دەتوانێت لە هۆتیل و مۆتێلەكانی دەڤەری سۆران لە یەك شەودا بمێنێتەوە.

رواندز/ موڕشید برادۆستی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان