دوای ساڵێك ناڕەزایەتی.. مانگرتووانی تەحریر خێوەتیان پێچایەوە

:: PM:07:41:26/10/2020 ‌

دوێنێ یەكەم ساڵوەگەڕی راپەڕینی تشرینی 2019 بوو، كە هەزاران گەنج لە بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عێراق رژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتیان بەرانبەر ساڵانێك لە گەندەڵی و شكستی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەربڕی، ئەوان توانیان بە خوێن حكوومەت ناچاری دەستكێشانەوە بكەن، ئێستەیش لە یەكەم ساڵوەگەڕی راپەڕینەكەیان، خێوەتی مانگرتنیان پێچایەوە.
چەند گرووپێك هەوڵیان دا سوود لە خێوەتی مانگرتن وەربگرن كۆنترۆڵیان بكەن
دوای رۆژێك لە ساڵوەگەڕی راپەڕینەكەیان، ئەمڕۆ دووشەم خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر خێوەتی مانگرتنیان پێچایەوە و بڕیاری خۆیان جێبەجێ كرد، بەوەی رێگە بەوانە نەدەن كە دزەیان كردووەتە ریزەكانیان و ئەجیندای خۆیان جێبەجێ بكەن و پشێوی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان دروست بكەن.

حەیدەر ئیبراهیم، خۆپێشاندەرێكی گۆڕەپانی تەحریرە دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەم ژمارەیەك مانگرتووانی گۆەڕەپانی تەحریر خێوەتەكانیان پێچایەوە و كۆتاییان بە مانگرتنیان هێنا، ئێستە گۆڕەپانەكە تەنیا بۆ خۆپێشاندانە، پاشەكشەكردنی مانگرتووان دوای دوو رۆژ بانگەشە هات و ئەمڕۆ جێبەجێ كرا، بەهۆی سوودوەرگرتنی چەند گرووپێك لە خێوەتی مانگرتن و هەوڵدانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی، بۆیە بە قەناعەتەوە لامانبردن.

زیاتر گوتی، بەشێك لە خێوەتەكانی تەحریر بووبوونە شوێنی ئەوانەی دزەیان كردبووە ناو خۆپێشاندەران لەوانەی سەر بە حزبەكانن، لەو رێگەوە دەیانتوانی جموجۆڵ بكەن، بۆیە ئێمە پاشەكشەكان كرد و خێوەتی خۆمان لابرد، بۆ خۆلادان لە هەر پیلان و هەنگاوێك كە ئەوان دژ بە شۆڕشی تشرین ئەنجامی بدەن.   

ئەمڕۆ خەتاب تەمیمی، چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، بۆمان دەركەوت كە خۆپێشاندانەكان بە رێژەی 90% دزیان تێدا كرا بوو، چونكە میلیشیاكان بەهێزەوە هاتبوونە ناوییەوە و مۆلۆتۆڤ و بۆمبی دەستیان بە ئاراستەی هێزە تەناهییەكان هاوێشت، مەبەستی ئەوان دروستكردنی كێشە و كاردانەوەیەكی خراپ بوو دژ بە خۆپێشاندەران.

زیاتر گوتی، هێزە تەناهییەكان گەمارۆی ئێمەیان لە ناوچەی عەلاوی دا و لە گۆڕەپانی تەحریریش سەركوتی ئێمەیان كرد و زۆرێك لە چالاكان لە گەڕەكە تەسكەكانی نزیك لە گۆڕەپانەكە لەلایەن میلیشیاكانەوە رفێنران و بە چەقۆ لێیان درا، بۆیە نەمانبینی كە هێزە تەناهییەكان ئێمە بپارێزن و ئەنجامدەرانی ئەو كارانەیشیان نەگرت.

تەمیمی دووپاتی كردەوە، بۆیە وەك چالاكانی خۆپێشاندانەكان لە بەغدا بەر لە سەعاتێك بڕیارمان دا پاشەكشە بكەین و خێوەتەكانمان لاببەین، ئەوەیش دوای ساڵێك لە ناڕەزایەتی بەردەوام.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل