كەی سەرئێشە دەبێتە نیشانەیەك بۆ بوونی گرێی مێشك؟

:: PM:03:50:27/10/2020 ‌

سەرئێشە وەك نیشانە لەگەڵ زۆر نەخۆشی دێت و زۆر كێشەی رۆژانە ئاسایی و نائاسایی سەرئێشە دروست دەكەن، وەك رارایی و كەمخەوی و كەمخواردنەوەی ئاو، بەڵام هەندێكجار هۆكاری مەترسیداری لەپشتە وەك بوونی گرێی مێشك.
ئەوانەی گرێی مێشكیان هەیە نۆرەی لەرزینی قاچ و باسك و دەستیان هەیە
سانج باسی، پزیشكی راوێژكاری نەشتەرگەری مێشك و دەمار لە سەنتەری لەندەن لەوبارەوە بە رۆژنامەی "ئێكسپرێس"ی بەریتانی گوت، 50%ی خەڵك لەوانەی گرێی مێشكیان تیادا دەستنیشان دەكرێت، بەدەست سەرئێشەیەكی بەردەوام دەناڵێنن، وەك یەكەم نیشانە هەستیان پێ كردبێت.

روونی كردەوە، لەگەڵ بوونی گرێ لە مێشك، سەرئێشە بەهۆی گرێكەوە نییە، چونكە مێشك وەرگری هەستی ئازاری تیادا نییە، بەڵكو بەهۆی گوشاری گرێكە بۆ سەر لوولە هەستیارەكانی خوێن و هەستە دەمارەكانی مێشك دروست دەبێت، بەوەیش هەست بە ئازار دەكرێت، هەروەها دەكرێ ئێشەكە بەهۆی گرێكەوە كە رێگری لە جووڵانەوەی شلەی دڕكە مێشك دروست ببێت.

بەپێی ئەو پزیشكە شارەزایە سەرئێشەی گرێی مێشك لەوەی ئاسایی جیاوازە، چونكە نیشانەی تریشی لەگەڵە، لەوانە، سەرئێشەی توند لەكاتی هەستان لە خەو بەیانیان، كە دوای وەستان كەمتر دەبێتەوە، یان لەكاتی كۆكە و چەمانەوە و هاواركردن زیاد دەكات.

دووپاتی كردەوە، زیادبوونی ئازار لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و هاوشێوەی نیوەسەرئێشەی سەری لێدێت، رشانەوە، دووبارەبوونەوەی رشانەوە لەگەڵ سەرئێشە و گۆڕان لە یادەوەری و كەسایەتی كەسەكە و لاوازیی ماسولكەكانی و كێشە لە قسەكردن و بینین، نۆرەی لەرزین، ئەوانەی گرێی مێشكیان هەیە نۆرەی بەردەوامی سەرئێشە یان نۆرەی لەرزینی قاچ و باسك و دەستیان هەیە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل