داوای دەركردنی دیپلۆماتكارانی ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێت

:: AM:10:43:28/10/2020 ‌
یەكێك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا پێی وایە دەبێت ئەمەریكا زۆر بە توندی بەرانبەر بە ئێران بجووڵێتەوە و ئەو توندبوونەشی تەنیا بە قسە نەبێت، بەڵكو بە كردەوە جێبەجێی بكات و سەرجەم دیپلۆماتكارە ئێرانییەكان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربكات تا وەڵامێك بێ بۆ ئەو دەستوەردانەی ئێران لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا.

لی زلدۆن نوێنەری كۆماریخواز و ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا گوتوویەتی، دەكرێ بە هێرشی ئەلیكترۆنی و دەركردنی دیپلۆماتكاران و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاكانیان و تەنانەت سزای دارایی وەڵامی ئێران بدرێتەوە.

بەگوتەی ئەو نوێنەرەی كۆنگرێسی ئەمەریكا، هەر كەس لە ئەمەریكایە پێویستە رێز لە یاسا و تایبەتمەندییەكانی وڵات بگرێت و هەر كاتێكیش ویستیان سنوور ببەزێنن، دەبێت لەگەڵ وەڵامی توندی ئەمەریكا بەرەوڕوو بن.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، دەركردنی دیپلۆماتكارانی ئێران كە لە نیویۆرك بە گوتەی ئەو نوێنەرە باشترین وەڵامە بۆ ئێران بۆ ئەوەی جارێكی هەڵەی وا نەكاتەوە.

هەر كەس لە ئەمەریكایە پێویستە رێز لە یاسا و تایبەتمەندییەكانی وڵات بگرێت
پێویستە بگوترێت دیپلۆماتكارانی ئێران لە كۆبوونەوەكانی ساڵانەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانیی بەشدارن و بە بۆچوونی ئەو نوێنەرەی ئەمەریكا ئەگەر دوور نەخرێنەوە سنووربەزاندنەكانیان زیاتر دەكەن.

نوێنەرەكەی ئەمەریكا دەڵێت، دیپلۆماتكارانی ئێران تەنیا لە هێز تێدەگەن و شایانی ئەوە نین رێزیان لێ بگیرێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بكرێت.



وشە - سلێمان تاشان