وەرزشی تۆپی پێ یەکێک لەو جۆرە وەرزشانەیە کە لە تەواوی دنیادا زۆرترین خەڵکی لە دەوری خۆی کۆ کردووەتەوە و زیاتر لە هەر یارییەکی تر لایەنگر و هاندەری هەیە.
ئەم یارییە پڕ سەرنجڕاکێشە تەنیا لای یاریزانەکان مایەی چێژ وەرگرتن نییە، بەڵکو زیاتر مایەی دڵخۆشی خەڵکێکە کە لەوانەیە هەرگیز یارییەکەیان نەکردبێت و تەنیا حەز دەکەن سەیری بکەن.
هاندەرانی تۆپی پێ لە توێژێکی تایبەتیی کۆمەڵگە نین، بەڵکو بەسەر گەنج و پیر و منداڵ و نێر و مێ، هەژار و دەوڵەمەند دابەش بوون. یارییەکە هەموو سنوورەکانی سیاسەت و پلە و پایەشی بەزاندووە و زۆر جار سەرۆک و سیاسەتمەدارانیش لە دنیای وشکی سیاسەت دادەبڕێت و دەیانهێنێتە یاریگا یان بەردەم تەلەڤزیۆنەکان.
ئەوانیش وەکو خەڵکی ئاسایی لایەنگری هەڵبژاردەیەکی تایبەتین
سەرۆک و رێبەرانی دنیا حەزەکانیان جیاوازە و ئەوانیش وەکو خەڵکی ئاسایی لایەنگری هەڵبژاردەیەکی تایبەتین و دڵیان بۆ سەرکەوتنی لێ دەدات.
ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا یەکیکە لەو سیاسەتمەدارانەی حەزێکی زۆری لە وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەتی هەیە و لایەنگری لە بۆرسیا دۆرتمۆند دەکات.
ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی رووسیاش هاندەری سان پێتێرزبۆرگە کە یەکێکە لە هەڵبژاردەکانی وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە لایەنگری چ هەڵبژاردەیەکە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە لایەنگری چ هەڵبژاردەیەکە، بەڵام دەگوترێ لە سان لۆرێنز نزیکە.
دالایلاما رێبەری رۆحی تبتییەکان لایەنگری رومۆرد برادفۆرد سیتییە، بەڵام پاپا فڕەنسیس رێبەری کاتۆلیکەکانی دنیا پاڵپشتی لە هەڵبژاردەی سان لۆرێنز دەکات.
سەرۆک بارزانیش هاندەری هەڵبژاردەی برشلۆنەیە و لەگەڵ بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانی جاروبار سەیری تۆپی پێش دەکات .
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای نەکردووە خۆی چ هەڵبژاردەیەکی خۆش دەوێت، بەڵام گوتوویەتی کوڕەکانم هاندەری نیوکاسل یونایتێدن کە پێ دەچێت خۆیشی هاندەری هەمان هەڵبژاردە بێت.
باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هاندەری هەڵبژاردەی وێستهامە، بەڵام دێڤید کامێرونی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لایەنگری لە ئاستۆن ویلا دەکات.
لەو رێبەر و سەرکردانەش کە لە ژیاندا نەماون لایەنگرییان لە هەڵبژاردەیەکی تایبەتی کردووە.
ئادۆلف هیتلەر دیکتاتۆری سەردەمی ئەڵمانیای نازی لایەنگری شالکێ بوو.
موعەمەڕ قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیاش هاندەری لیڤەرپول بوو
رابێرت موگابێ دیکتاتۆری زیمبابوێ لایەنگری چێلسی بووە و موعەمەڕ قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیاش هاندەری لیڤەرپول بوو و حەزکردنی بەرانبەر ئەو هەڵبژاردەیە ئەوەندە زۆر بوو کە ماوەیەک دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە بە تەمایە بەشێک لە پشکەکانی هەڵبژاردەکە بکڕێتەوە بەڵام تەمەن مەودای نەدا.