له چاوپێكه‌وتنێكدا ''وشه'' سوڵتان محه‌مه‌د خاوه‌ن فرۆشگای مۆبایل و شاره‌زا له فرۆشتنی مۆبایله له كوردستان ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات، له كوردستان كڕیاران داواكارییان بۆ سه‌ر چ مۆبایلێكه و فرۆشی كام مۆبایله زۆره، هه‌ڵبه‌ت به‌گوێره‌ی كڕیاران جۆری مۆبایله‌كان بۆ كڕین ده‌گۆڕێت، بۆیه ''وشه'' چه‌ند پرسیارێك ده‌كات و ئه‌م شاره‌زایه‌یش ورده‌كارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو:
- چ جۆره ماركه‌ی مۆبایلێك زۆر ده‌فرۆشرێت له دنیا و له كوردستاندا؟
له دنیادا ماركه‌ی ئه‌پڵ به‌تایبه‌ت ''ئایفۆن 11'' به جۆره‌كانیه‌وه بۆ ساڵی 2019 - 2020 نزیكه‌ی 38 ملیۆن دانه‌ی لێ فرۆشراوه، له كوردستانیش زۆرترین داواكاری له‌سه‌ر بووه و خه‌ڵكیش زۆریان لێ كڕیوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ماركه‌كانی ''گالاكسی و هواوی و ڕێدم'' و چه‌ندان ماركه‌ی تری دنیا داواكاری زۆریان له‌سه‌ر بووه و فرۆشیان ورده ورده زیادی كردووه، به‌تایبه‌ت گالاكسی و هواوی كه هاوشانی ئه‌پڵ ركابه‌ری ده‌كه‌ن.
- هۆكاری زۆر فرۆشی ئه‌و مۆبایلانه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
به‌گشتی زۆری فرۆشی ئه‌و مۆبایلانه بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌كیترین هۆكار بۆ فرۆشی ئه‌م به‌رهه‌مانه ''كوالیتی دروستكردن و خێرایی و پارێزراوی سیستمه‌كه‌یانه'' كه بوونه‌ته جێی متمانه‌ی كڕیاران و خه‌ڵك متمانه‌ی زۆریان پێیان هه‌یه.
- نرخ كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر زۆری یان كه‌می فرۆشیان؟
به‌دڵنیاییه‌وه نرخ كاریگه‌ریی هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی گرنگی به كوالێتی و نوێگه‌ری و تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ناده‌ن، هه‌میشه دوای نرخی كه‌م ده‌كه‌ون و ته‌نیا ده‌یانه‌وێت مۆبایله‌كانیان زیره‌ك بن و كه‌مێك له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م بڕوات، به‌ڵام كه‌سانێكیش هه‌ن گرنگی به كوالێتی و تایبه‌تمه‌ندی ده‌ده‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نرخیان به‌لاوه گرنگ نییه.
- سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و مۆبایله له چیدا خۆی ده‌بینێته‌وه؟
سه‌ركه‌وتوویی مۆبایل له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه ''بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بێ كێشه كار بكات و سیستمێكی گونجاو و خێرایی هه‌بێت كه له‌كاتی كاركردنیدا خاوبوونه‌وه‌ی نه‌بێت و جام نه‌كات''، چونكه ئێسته مۆبایل هه‌ن له‌كاتی كاركردندا ده‌وه‌ستێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆمپانیایه‌كی به‌ناوبانگ دروستی كردوون، ئه‌مه ده‌بێته هۆی ڕووخانی متمانه و نه‌مانی كڕیار بۆ كۆمپانیاكه.
- له‌كاتی درووستبوونی كێشه بۆ ئه‌و جۆره مۆبایلانه پارچه‌ی یه‌ده‌گیان هه‌یه كه ئۆرجیناڵ بن؟
به‌ڵێ پارچه‌ی یه‌ده‌گ هه‌یه و گره‌نتی كۆمپانیاكانی له‌گه‌ڵه، به‌ڵام به‌گشتی له كوردستان كێشه زۆره بۆ ده‌ستكه‌وتنی پارچه‌ی یه‌ده‌گی ئۆرجیناڵ و باوه‌ڕپێكراو.
- به‌گشتی ئه‌و مۆبایلانه‌ی له كوردستان ده‌فرۆشرێن گره‌نتی ئۆرجیناڵیان هه‌یه یان ساخته‌ن؟
زۆریان گره‌نتیان هه‌یه، چه‌ند كۆمپانیایه‌ك نه‌بێ گره‌نتی ساخته‌یان هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش له وڵاتان گره‌نتی كۆمپانیا خۆماڵییه‌كانیان هه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا ئایفۆن نه‌بێ گره‌نتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه ته‌نانه‌ت له كوردستانیش.
- ئه‌و مۆبایلانه‌ی له كوردستان زۆر ده‌فرۆشرێن كامیان زیاتر خراپ ده‌بن؟
ئه‌و مۆبایلانه‌ی زوو خراپ ده‌بن ئه‌مانه ده‌گرێته‌وه، به‌زۆری ئه‌و مۆبایلانه‌ی كه گڵۆباڵ نین و یان كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و باوه‌ڕپێكراو نین، له چین له‌سه‌ر خواستی بزنسمانه‌كان دروست ده‌كرێن و ناو تایبه‌تمه‌ندی خۆیانین بۆ داده‌نێن.
- پێشتر له كوردستان چ جۆره مۆبایلێك خواستی زۆری له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام ئێسته نافرۆشرێت؟
پێشتر له كوردستان زۆرترین مۆبایل ''مۆبایله‌كانی نۆكیا''بوون، به‌ڵام به‌پێی گوڕانكاری و به‌ره‌وپێشچوونی سه‌رده‌م بۆ مۆبایلی زیره‌ك سامسۆنگ هاته ڕیزبه‌ندییه‌كه‌وه و زۆرترین مۆبایل له كوردستان بوو به مۆبایله‌كانی سامسۆنگ.
- وه‌ك شاره‌زایه‌كی مۆبایل هۆشیاریت چییه بۆ كڕیاران له‌كاتی كڕینی مۆبایلدا و چ جۆره مۆبایلێك باشترینه بۆ كڕین؟
باشترین مۆبایل بۆ كریار ده‌كرێت به دوو به‌شه‌وه:
یه‌كه‌م - توانای كڕیار له‌رووی نرخه‌وه.
دووه‌م - حه‌زی كڕیار بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان.
به‌گشتی پێویسته كڕیار خۆی یه‌كلا بكاته‌وه له نێوان هه‌ردوو سیستمی ئه‌ندرۆید و ئای ئۆ ئێس، پاشان نرخه‌كه‌ی دیاری بكات، بۆ نموونه 250 دۆلار توانای هه‌یه و ئاره‌زوو ده‌كات مۆبایلێك بكرێت خێرا بێت و خاوه‌ن شاشه‌یه‌كی 120 هێرتز بێت و پاتری باشبێت وه‌ك ''POCO X3''.