دیاری حوسێن: عەرەب دەیەوێت بەشێوەیەکی یاسایی خۆی لە کەرکووک بکاتە زۆرینە

:: PM:04:20:28/10/2020 ‌
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک_گەرمیان گوتی: عەرەب دەیانەوێت لە ڕێی دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن لە کەرکووک بەشێوەیەکی یاسایی خۆیان بکەنە زۆرینە.

ئەمڕۆ چوارشەم 28ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر، دیاری حوسێن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک_گەرمیان  بە "وشە"ی گوت، عێراق ئەگەر مادەی 140ـی جێبەجێ کردایە، ئێستە لە ھەڵبژاردن تووشی ئەو کێشەیە نەدەبووین و ئێمە لەگەڵ ئەو ڕایەی عەرەب نین کە تەعریبێکی زۆریان کردووە و عەرەبێکی زۆریان ھاوردە کردووە.

زیاتر گوتی: ئێستە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت جێبەجێ بکرێت لە بەرژوەندیی ئەوانە، چونکە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی خۆیان بکەنە زۆرینە و ئەمەش بکەنە بنکەیەک بۆ ھەتاھەتایە، ئەمەش لای ئێمە جێی قبووڵ نییە، چونکە خوێنمان بۆ کەرکووک ڕشتووە و سازشی لەسەر ناکەین.

خوێنمان بۆ کەرکووک ڕشتووە و سازشی لەسەر ناکەین

بەپێی قسەی دیاری حوسێن، عەرەب دەیانەوێت لە حەویجە چوار کورسی بەدەست بێنن و لەناو  کەرکووکیش سێ کورسی، لە شوێنەکانی تریش کورسی بێنن و ئەوان ببنە ھەشت کورسی و کورد ببێتە شەش کورسی؛ بۆیە گوتی: ئێمە کۆمسیۆن و سەرووی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە و بەو شێوەیەی ئەوان دەیانەوێت رازی نابین، بۆیە ئەوەی ئێستە ئەوان دەیانەوێت گەر جێبەجێ بکرێت، زیانی زۆر بەر کورد دەکەوێت.

زیاتر گوتی، پێویستە بازنەکان بە جۆرێک دابەش بکرێن کە دەنگی کورد بەفیرۆ نەڕوات، ئەگەر نا ئێمە قبووڵی ناکەین.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم


وشە - ڕێناس شابان