لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی عێراق بێتوانایی خۆی لە دابینكردنی مووچەی چەند مانگی ماوی ئەمساڵ راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە پێویستی بە قەرزكردنێكی تر هەیە، بۆ ئەوەیش پڕۆژەیەكی رەوانەی پەرلەمان كرد و داوای قەرزكردنی زیاتر لە 41 ترلیۆن دینار كرد، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر تەنیا 15 ترلیۆن دینار دا.
حكوومەت مانگانە پێویستی بە پێنج ترلیۆن دیناری تر هەیە
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەكەمان ئەو بڕە پارەی حكوومەت پێویستی پێیەتی بۆ دابینكردنی مووچە و پسوولەی خۆراك و خەرجییەكانی تەندروستی بۆ چەند مانگی داهاتووی حسێب كردووە، بۆمان دەركەوت مانگانە پێویستی بە پێنج ترلیۆن دینار هەیە، واتە 15 ترلیۆن بۆ سێ مانگی 2020.
زیاتر گوتی، دەكرێ بڕی قەرزەكە لە نێوان 15-20 ترلیۆن دینار بێ وەك زیاترین بڕی قەرزكردن، نەوەك 41 ترلیۆن وەك حكوومەت لە پڕۆژەكەی داوای دەكات، روونی كردەوە، لیژنەی دارایی رەزامەندی داوە بۆ دیاریكردنی بڕی قەرزكردن بەشێوەیەك خەرجییە سەرەكییەكان پڕ بكاتەوە لەوانە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی و پسوولەی خۆراك و خەرجییەكانی وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ دواخستنی پێویستییەكانی تر بۆ پڕۆژەیاسای 2021.