له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فشاره‌كانی بۆ سه‌ر میلیشیاكان چڕ كردووه‌ته‌وه و هێزی زۆرتری بۆ پاراستنی نێرده دیپلۆماسییه‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێ چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بهێڵێته‌وه و ڕووبه‌ڕووی میلیشیاكان ببێته‌وه، له هه‌مان كاتدا له ڕۆژانی ڕابردوو ئه‌كره‌م كه‌عبی سكرتێری گشتی میلیشیاكانی نوجه‌با سه‌ردانی تارانی كرد و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ پرۆسه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و دروستكردنی توندوتیژی له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه خێراتر بكرێت.
ئه‌كره‌م كه‌عبی سكرتێری گشتی نوجه‌با خۆی و گرووپه میلیشیاكه‌یشی خراونه‌ته لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكاوه و له ڕۆژانی ڕابردوو سه‌ردانی تارانی كرد و له‌گه‌ڵ عه‌لی فدوی جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران و عه‌لی ئه‌كبه‌ر ولایه‌تی ڕاوێژكاری ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆبووه‌وه، ئه‌و سه‌ردانه بووه‌ته جێی پرسیار، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌عبی، كه ئه‌گه‌ر له دیوه ڕه‌سمییه‌كه‌یشی وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی كرد بێ، بێ ئاگه‌داری ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و حكوومه‌تی عێراق بووه و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاتێكی بیانی دانیشتنی كردووه، كه ئه‌مه‌یش به گوێره‌ی یاسای ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ژماره 26ی ساڵی 2016 كارێكی نایاسایییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هیچ حسابێكی بۆ حكوومه‌ت و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی نه‌كردووه و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی سوپای وڵاتێكی بیانی كۆبووه‌ته‌وه، هۆیه‌كانی پشت ئه‌و دیداره چییه و به‌رنامه و پلانی چی له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانه‌وه داده‌نرێ، ئه‌مه به نهێنی ماوه‌ته‌وه.
به‌شێك له چاودێران له‌و بڕوایه‌دان، كه ئه‌مه بۆ شكاندنی قسه‌كانی مسته‌فا كازمییه كه پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی كرد و دووپاتی كرده‌وه كه سه‌روه‌ری عێراق هێلی سووره و له هیچ كه‌سێكی قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا تاران بێ حسابكردن بۆ سه‌روه‌ری عێراق، فه‌رمانده‌ی گرووپێكی چه‌كدار له عێراق بانگهێشت ده‌كات و ئه‌رك و فه‌رمانی پێ ڕاده‌سپێرێت، تا له عێراق جێبه‌جێی بكات.
سه‌ردانه‌كه پێچه‌وانه‌ی یاساكانی عێراقه و حكوومه‌ت بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه
ته‌یسیر عه‌بدولجه‌بار ئالوسی شرۆڤه‌كاری سیاسی عێراق له‌وباره‌وه به ماڵپه‌ڕی "
ئه‌لحوڕه"ی ئه‌مه‌ریكی ڕاگه‌یاند، كه سه‌ردانه‌كه پێشێلكارییه‌كی ڕوونی سه‌روه‌ری عێراقه، مامه‌ڵه‌كردنی به‌رپرسانی عێراق پێویسته له ڕێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕێك بخرێ، ئه‌گه‌ر سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌یش بكه‌ن، پێویسته وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئاگه‌داری به‌رنامه و هۆی بانگهێشتكردنه‌كه بێت.
زیاتر گوتی، ئه‌و كاره‌ی كه‌عبی بریتییه له وه‌رگرتنی ڕاسپارده و فه‌رمانی نوێ له‌لایه‌ن تاران و سوپای پاسدارانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژی و كێشه‌كان له عێراق قووڵتر بكرێنه‌وه و فشاره‌كان له‌سه‌ر حكوومه‌ت زیاتر بكرێن، به‌و ئامانجه‌ی خه‌ونه‌كه‌ی تاران بێته دی و سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق بكرینه ده‌ره‌وه.
ئه‌و سه‌ردانه په‌یامێكی ڕوونی تارانه بۆ به‌غدا، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست بۆ هه‌ژموون و كاریگه‌ری ئێران له ناوه‌وه‌ی عێراق نه‌بات، به پێچه‌وانه‌وه تاران ده‌توانێ هه‌موو شتێك سه‌ره‌وژوور بكاته‌وه له عێراق، به تایبه‌ت ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی میلیشیاكان به كه‌سێكی سه‌ر به سوپای پاسداران داده‌نرێ و پێشتریش دووپاتی كرده‌وه، سیاسه‌تی مووشه‌ك به‌رانبه‌ر گولـله به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگۆڕێت و به مووشه‌ك به‌رده‌وام ده‌بین له هێرشكردنه سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان له ته‌واوی عێراق.
ئالوسی هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، به گوێره‌ی ناوه‌رۆكی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كان كه له‌باره‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌وه له‌لایه‌ن میلیشیاكانی نوجه‌با بڵاو كراوه‌ته‌وه، سه‌رجه‌می زانیارییه‌كانی ناوی پشتڕاستی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه تاران به‌رپرسیاریه‌تی دروستكردنی ئاڵۆزی و توندوتیژی به میلیشیاكانی له عێراق ده‌سپێرێت و ده‌یه‌وێ قووڵترین ته‌نگژه بۆ ئه‌مه‌ریكا له عێراق دروست بكات و سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان به‌وهۆیه‌وه هان بدات تا دژی ئه‌مه‌ریكا بوه‌ستنه‌وه.
ماڵپه‌ڕه‌كه نووسیویه‌تی، سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمان و ڕاسپاردانه‌ی به كه‌عبی دراوه له‌لایه‌ن تارانه‌وه، بریتین له ڕاسپارده‌ی عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی له ئێران، بۆ تێكدانی دۆخی ناوخۆی عێراق و گێڕانه‌وه‌ی وڵات بۆ خاڵی سه‌ره‌تا و دواجاریش كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوه‌تی عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆماری ئیسلامی ئێران.
پلانی ئێران بریتییه له دروستكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له عێراق
چالاكانی عێراق به گشتی و خۆپێشاندانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو به تایبه‌تی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی قسه‌ی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه كردووه و پۆستی زۆریشیان كردووه، سه‌رجه‌میشیان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر حكوومه‌تی كازمی و به كه‌مته‌رخه‌م ناوی ده‌به‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێویسته به‌رپرسی له‌مجۆره به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك به‌شێك له حه‌شدی شه‌عبی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێ و ڕاسته‌خۆ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بخرێته به‌رده‌م لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به‌ند بكرێت، به پێچه‌وانه‌وه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ده‌بنه ده‌وڵه‌ت له ناو ده‌وڵه‌ت و چیتر حساب بۆ حكوومه‌ت و دامه‌زراوه شه‌رعی و ده‌ستوورییه‌كانی وڵات ناكه‌ن.